هۆکارەکەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەیە
بازاڕی خانووبەرەی هەڵەبجە 20% بەرزدەبێتەوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
بە رەسمی ناساندنی هەڵەبجە وەک 19ـەهەمین پارێزگای هەڵەبجە بازاڕی خانووبەرەی پارێزگاکە بە رێژەی 20% بەرز دەکاتەوە.
هەڵەبجە وەک 19ـەهەمین پارێزگای عێراق لە بوودجەی 2023ـی عێراقدا دیاری کراوە و عەقاراتەکانی هەڵەبجە دەڵێن کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی کەرتی خانووبەرەی پارێزگاکە دەبێت.
مەنصور تەیفوور، خاوەنی عەقاراتی سیمای شار لە شاری هەڵەبجە بە تۆڕی 964ـی راگەیاند: بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە لایەن حکومەتی عێراقییەوە جموجۆڵی باش دەخاتە کەرتی عەقاراتی هەڵەبجە و خانووبەرە بە رێژەی 20% بەرزدەکاتەوە.
دەشڵێت؛ دوای ئەو بڕیارە بەهۆی بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانەوە هەموو سێکتەرەکان دەبووژێنەوە و لەناویشیاندا کەرتی خانووبەرە.
“کردنەوەی مەرزی نێودەوڵەتیی سازان و دروستکردنی بەرزەپردی تووەقووت و تەنگی سەید محەمەد کە هەڵەبجەو گەرمیان بەیەکەوە دەبەستێتەوە کاریگەریی باشتر لەسەر کەرتی خانووبەرەی پارێزگای هەڵەبجە دەبێت”، مەنصور تەیفوور وای وت.