بە جی پی ئێسەکەی سەیدسادق ناسراوە
گەنجێک لە دوکانەکەیدا بانگەواز بۆ شتە ونبووەکان دەکات
بڕوا مەجید – سەیدسادق
گەنجێک لە سەیدسادق لە دوکانەکەیدا بانگەواز بۆ شتە ونبووەکان دەکات و پەیجەکەشی هەر بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردووە.
ئامانج جەبار کە بە جی پێ ئێسەکەی سەیدسادق ناوی دەرکردووە، بە 964ـی وت، “پەیجەکەم بۆ خزمەتی خەڵک و دوکانەکەشم داناوە، هەر کەس شتێک دەدۆزێتەوە، دەیهێنێ بۆ ئێرە، بانگەوازی بۆ دەکەم و لە پەیجەکەم دایدەنێم، خاوەنەکی پەیدا بوو، دەیدەمەوە، دوای ماوەیەک ئەگەر هەر خاوەنەکەی نەدۆزرایەوە، شتەکە دەفرۆشم و پارەکەی دەدەم بە خێزانێکی هەژار و دەستکورت”.
ئەو گەنجە چەندین جۆر شتی ونبووی لایە، هەر لە کارتی زانیار و پاسپۆرتەوە بگرە تا کارتی بانکی و سویچ و کلیل، وەک خۆی دەڵێت، هەر ئێستا 9 بۆ 10 مۆبایلی لایە کە خاوەنەکانیان دیار نییە، دوایین شتیش کە بۆی چووە، عەقدێکی زەواجە و تاوەکو ئێستا خاوەنەکەی پەیدا نەبووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری