گەندەڵی گەورە رەوانەی دەستپاکی کراوە

لە واست زیاتر لە ترلیۆنێک دینار لە پڕۆژەی خراپدا بەفیڕۆ چووە

ئەحمەد مستەفا

عەلی حەسەن سەلیمون، پارێزگاری واست رایگەیاند، هەڵمەتێکی فراوانی کارگێڕی و چاودێرییان بۆ پاککردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و روبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە پارێزگاکەدا دەستپێکردووە.

سەلیمون ئاشکرای کرد، ژمارەیەک دۆسیەی گەندەڵی و پێشێلکاری گەورەی دارایی رەوانەی دەستەی دەستپاکی و دادگا کراون، ئەمەش دوای ئەوەی دەرکەوت بڕی زیاتر لە ترلیۆنێک و 284 ملیار دینار، لەگەڵ 100 ملیار دیناری دیکە لە پارەی تەرخانکراوی پترۆدۆلار و دەروازە سنوورییەکان، لە پڕۆژەی لاواز و بێ کوالێتی داواکراو خەرج کراوە، کە بەشێکیان سەرەڕای ئەوەی تازە جێبەجێکراون، بەڵام لە ئێستاوە تێکچوون و لەناوچوون.

پارێزگاری واست، لەمیانی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کەناڵی عێراقیەی فەڕمی دەوڵەت، باسی لە نموونەیەک کرد و ئاماژەی بە پڕۆژەیەکی بنیاتنان کرد کە تێچووەکەی 37 ملیار دینار بووە، بەڵام تەنیا حەوت مانگ دوای وەرگرتنی، بەهۆی دەستکاریکردنی کوالێتی هونەرییەکان و نەبوونی چاودێری،دووچاری داڕمان بووە.

هەروەک وتی، کە لیژنەکانی وردبینی بۆیان دەرکەوتووە بڕی 85 ملیار دینار بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتی دارایی بەسەر کۆمپانیای دیاریکراودا دابەشکراوە، کە ئەو دۆسیەیەش ئێستا لەبەردەم دەستەی دەستپاکی یە.

سەلیمون،جەختی لەوە کردەوە کە ئیدارەی نوێی پارێزگاکە کۆتایی بە سەردەمی “ژوورە تاریکەکان” و پاوانخوازی لە بڕیاری ئیداریدا هێناوە و ئێستا کاردەکەن بۆ دووبارە رێکخستنەوەی کەرتی پڕۆژەکان لەسەر بنەمای یاسا و سوودوەرگرتن لە توانای ئەندازیارانی گەنج بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی شایستە بە هاوڵاتییان.