ئاوی سلێمانی: بێ گازین

ئەو ماڵانەی بۆ ئاو تانکەریان شک دەبرد، ئەویشیان نەما

رازاو محەمەد ئەمین – سلێمانی

بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و گاز، کاریگەری کردووەتە سەر بردی ئاوی تانکەر بۆ ئەو ماڵانەی تائێستا تۆڕی ئاوی خواردنەوەیان نییە لە سلێمانی و بە دیاریکراوی لە دەوروبەری بەکرەجۆ.

ئاوی سلێمانی دەڵێ، حکومەت گاز و بەنزینی بۆ دابین نەکردوون و ئەوەش كێشەی گەیاندنی ئاوی بۆ بەشێك لە گەڕەكەكانی سلێمانی قووڵتر كردووەتەوە بۆیان.

لەتیف ساڵح، دانیشتووی گەڕەكی بەكرەجۆ بۆ 964 دەڵێت، نزیکەی 20 ساڵە لەو گەڕەكە دەژی و لە مانگێكدا تەنیا دوو تا سێ جار ئاویان بۆ دێ، بەڵام بە وتەی ئەو، لە دوای گرانبوونی نرخی بەنزین، تانكەرەكان كەمتر ئاو دەهێنن و پاش پەیوەندیكردنیان بە بەڕێوەبەرایەتی ئاو، پێیان وتراوە بانك پارەی دابینكردنی بەنزین نادات.

لەیلا سدیق، دانیشتویەكی تری هەمان گەڕەك دەڵێت، كەمبوونی ئاو ژیانی رۆژانەیان تێكداوە، بە تایبەتی لە وەرزی گەرمار بە وتەی ئەو، خێزانەكان بۆ خواردنەوە، پاكڕاگرتن و كارپێكردنی فێنككەرەوەكان پێویستیان بە ئاو هەیە و ئەو دۆخە بۆ خێزانەكانی خاوەن منداڵی بچووك زیاتر ناڕەحەتی دروست كردووە.

هاوڵاتیانی گەڕەکەکە داوایان کردووە ئاوی سلێمانی بەهانایانەوە بچێت، داوای ئەوە دەكەن بەڕێوەبەرایەتی ئاو و لایەنە پەیوەندیدارەكان چارەسەری خێرا بۆ دابینكردنی ئاو بۆ ئەو گەڕەكانە بدۆزنەوە، بە تایبەتی لەو كاتەی پلەی گەرما بەرز بووەتەوە و داخوازی بۆ ئاو زیاتر بووە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا