و دووانی دیکەش بریندار بوون
لە رووداوێکی سەختی هاتوچۆدا لەسەر رێگای تەقتەق ــ کەرکوک گەنجێک گیانی لەدەستدا
وریا فەتاح
لەسەر رێگای سەرەکی نێوان تەقتەق ــ کەرکوک و لە سنووری ناحیەی خاڵخاڵان، رووداوێکی سەختی هاتوچۆ لە نێوان دوو ماتۆڕسکیلدا روویدا. بەهۆی توندی پێکدادانەکەوە، هەردوو ماتۆڕسکیلەکە ئاگریان گرت و بە تەواوی سووتان، لە ئەنجامدا گەنجێک دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و دوو گەنجی دیکەش بریندار بوون.
دەربەند جەلیل، بەرپرسی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی خاڵخاڵان بە 964ـى وت،”هەر سێ سەرنشینی رووداوەکە گەنجن. یەکێکیان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە دەستبەجێ لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە. دوو سەرنشینەکەی دیکەش بریندار بوون، کە برینی یەکێکیان زۆر سەختە و جەستەی سووتاوە، بەو هۆیەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی کەرکوک کراوە.”
سەبارەت بە گواستنەوەی بریندارەکان، بەرپرسی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی سنوورداریی تواناکانیانەوە، لە نەخۆشخانەکەیان تەنیا یەک ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن (ئەمبوڵانس) هەیە، بۆیە چاوەڕێی گەیشتنی ئەمبوڵانسێکی دیکە دەکەن لە تەقتەقەوە تاوەکو برینداری دووەمیش بگوازرێتەوە بۆ کەرکوک، کە دۆخی تەندروستیی ئەو تا رادەیەک جێگیرترە.
روونیشى کردەوە، بەپێى زانیارییەکانیان هەر سێ گەنجەکە دانیشتووی سنووری ناحیەی تەقتەقن. لە ئێستاشدا تەرمی ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە، بە مەبەستی رێکارە یاساییەکان رەوانەی پزیشکی دادی کۆیە کراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح