ئەمڕۆ گەشتەکان ئاسایین

دوو گەشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی هەڵوەشێنرایەوە

شۆڕش قادری

بەهۆی ئەو وزەعەی شەوی رابردوو، دوو گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی هەڵوەشێنراونەتەوە.

بەپێی ئەو خشتەیەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ شەممە 18.7.2026 گەشتەکانی ئیستەنبوڵ و عەمان لە فڕۆکەخانەکە هەڵوەشێنراونەتەوە کە قەراربوو کاتژمێر 3:55 و 5:45 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجام بدرێن.

گەشتەکەی ئیستەنبوڵ کاتژمێر 8:40 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ ئەنجام دراوە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە گەشتەکەی عەمان کەی دەکرێت.

964 زانیویەتی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی ئەمڕۆ ئاسایین و قەرارە لەکاتی خۆیاندا ئەنجام بدرێن.

شەوی رابردووش گەشتێکی هێڵی ئاسمانی تورکش ئێرلاین بەرەو هەولێر، هەر بە ئاسمانەوە گەڕایەوە ئیستەنبوڵ.

گەشتیارێکی کورد کە لە ئەمریکاوە دەگەڕایەوە کوردستان بە 964ـی وت، “لە ئاسمانەوە نزیک هەولێر گەڕاینەوە ئیستەنبوڵ، فڕۆکەکە زۆربەی گەشتیارەکانی کوردبوون و پێیان وتووین تا سێ رۆژی تر گەشتەکان بۆ هەولێر هەڵوەشاوەتەوە”.

شەوی رابردوو لە گەڕەکی تاسڵوجەی سلێمانی چەند شوێنێک کرایە ئامانج و ئاگرێکی گەورە کەوتەوە، لە هەولێریش دژەتیرۆر کوردستان رایگەیاند، هێزەکانی هاوپەیمانان پێنج درۆنی بۆمڕێژکراویان تێکشکاندووە.