هەناردەی نەوت راگیرا

بە درۆن هێرش کرایەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە بەندەری بەسڕە

شۆڕش قادری

بە درۆن هێرش کرایەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە بەندەری بەسڕە و هەناردەی نەوت لە بەندەرەکە راگیرا.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز و میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16.7.2026 بە درۆن هێرش کراوەتەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە بەندەری بەسڕە.

هێرشەکە زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە بەڵام دوای هێرشەکە، هەناردەکردنی نەوت لە بەندەرەکە راگیراوە.

تا ئیستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

شەوی رابردووش جارێکی دیکە ئاسمانی هەرێمی کوردستان درۆنباران کرا و دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، تەنیا لە ئاسمانی هەولێر هەشت درۆنی بۆمبڕێژکراویان تێکشکاندووە.