نزیكه‌ى 20 گوندى سیده‌كان به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌سترێته‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له چه‌ند رۆژی داهاتوودا ده‌ست به چاككردن و قیڕتاوكردنى دوو رێگاى سه‌ره‌كى له سنوورى قه‌زاى سیده‌كان ده‌كرێت، كه زیاتر له 20 گوندى ئه‌و سنووره به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، قایمقامیش ده‌ڵێت “له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگدا ته‌واو ده‌بێت”.
بە گوژمەی سێ ملیار و 136 ملیۆن و457 هه‌زار و 500 دینار، بەردی بناغەی چاككردن و قیڕتاوكردنى هەردوو رێگای گەلی لێتان و گەڵی شێخزادان لە قەزای سیدەکان داندرا و له‌لایه‌ن دوو کۆمپانیای جیاوازیش جێبەجێی دەکرێت.
ئیحسان چه‌له‌بى قایمقامی قه‌زاى سیده‌كان به 964ـى راگه‌یاند “دوێنێ دووشه‌ممه به‌ردى بناغه‌ى ئه‌و دوو پڕۆه‌یه دانرا، راسته‌وخۆش ده‌ست به جێبه‌جێكردنیان ده‌كرێت، به‌ڵام به‌هۆى بارانه‌وه ئه‌م چه‌ند رۆژه دواده‌كه‌وێت، ئینجا ده‌ستى پێده‌كه‌ن”.
به قسه‌ى ناوبراو ماوه‌ى جێبه‌جێ كردنى ئه‌و دوو پڕۆژه‌یه شه‌ش مانگه و به ته‌واوبوونیشی نزیكه‌ى 20 گوندى سنوورى قه‌زاى سیده‌كان به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌كانى 964 چاككردنه‌وه و قیڕتاوكردنى رێگاى گه‌لى لێتان به درێژی نزیكه‌ى 11 كیلۆمه‌تر، گوژمه‌ى یه‌ك ملیار و 897 ملیۆن و 470 هه‌زار دینارى بۆ ته‌رخانكراوه، هه‌ریه‌ك له گونده‌كانى گۆجاڕ، بوزان، ماوه‌ت، ژێلیا، باسه‌كان، ده‌لاوه، سێكینه، كۆڵیت، لێتان به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
هه‌روه‌ها چاككردنه‌وه‌و قیڕتاوكردنى رێگاى گه‌لى شێخزادان، به درێژی نزیكه‌ى 10 كیلۆمه‌تر، كه گوژمه‌ى یه‌ك ملیار و 238 ملیۆن و 987 هه‌زارو 500 دینارى بۆ ته‌رخان كراوه، هه‌ریه‌ك له گونده‌كانى گۆربه‌تراش، ئالانه، بیژان،ده‌رهۆڵ، به‌نان، كاولا، سه‌روو، لۆكان به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.