"بە قوتوو فرۆشتن بەخێوناکرێن"

جیابوونەوەی دوو هاوسەر سێ منداڵی بێ ناز کردووە

+964

فەرمان مەلاحەسەن – رانیە

لە سوچێکی رانیە، دوو هاوسەر لە یەک جیابونەتەوە و سێ منداڵی بێتاوان کە کوڕێک و دوو کچن، بەتەنیا لەگەڵ باوکیان ماونەوە و باوکیشیان ژیانی زۆر سەختە.

باوکەکە، بۆ ئەوەی پارووە نانێک بۆ منداڵەکانی دابین بکات، هەموو رۆژێک کارتۆن و قووتووی پیپسی کۆدەکاتەوە و دەیفرۆشێت.

جگە  لە بێ بەشبوونیان لە ناز و سۆزی دایک، هەژاریش دەرفەتی نەداوە، منداڵەکان بچنە قوتابخانە و فێری خوێندن و نوسین ببن.

لە ناو ئەم سەختییانەدا، ژنێکی جیرانیان بۆتە فریاد رەس و دەستی یارمەتی  بۆ درێژ کردوون و زۆربەی رۆژەکان خواردنیان بۆ دەبات، بۆ ئەوەی لانی کەم منداڵەکان بە برسیەتی نەخەون.

ئەم چیرۆکە تەنیا چیرۆکی یەک خێزان نییە، بەڵکو بیرخستنەوەیەکە کە هێشتا زۆر خێزان هەن لەگەڵ هەمان ئازار دەژین.

لەوانەیە چاکەیەکی بچووک لەلای تۆ شتێکی ئاسایی بێت، بەڵام بۆ خێزانێکی وەک ئەمان، هەمان چاکە دەبێتە هیوای مانەوە، تایبەت رزگاربوون لە محنەتی کرێچێتی و گەڕانەوە بۆ خوێندنی منداڵەکان.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا