"لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکەم دەبێت"

هونەرمەندانی کۆیە دیواری گۆڕستانێک گوڵڕێژ دەکەن

دەریا ئەحمەد _ کۆیە

پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شەهید جەعفەر لە کۆیە بە هاوکاری هونەرمەند و هونەردۆستانی شارەکە گەورەترین کاری هونەری لەسەر دیواری گۆڕستانی شەهیدان لە کۆیە ئەنجام دەدەن و بەڕێوەبەری پەیمانگاکەش دەڵێت: دەبێتە درێژترین کاری سەر دیوار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

چیا بێستون، بەڕێوەبەری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی شەهید جەعفەر لە کۆیە بە 964ـی وت: وەک پەیمانگا ئەم کارە دەکەین کە بەخشینی سیمایەکی هونەری جوانە بە دیواری گۆڕستانەکە بە درێژیی ‌سەروو 1300 مەتر.

ئاماژەی بەوەشدا، بەشێکی زۆری هونەرمەندان و دەرچوانی دانەمەزراو و خوێندکارانی بەشی هونەر لە کۆیە تێیدا بەشدارن.

وتیشی: کارەکە بە چەند قۆناغێکە و رەنگە نزیکەی مانگ و نیوێک بخایەنێت و چەندین نەخشی گوڵی جیاجیا لەسەر دیوارەکە دەنەخشێنن.

دابان وەهاب، شێوەکارێکە و بەشدارە لە کارە هونەریەکە، ئەو بە 964ـی وت، زۆربەمان ئازیزێکمان لەم گۆڕستانە هەیە بۆیە لەم کارە دا هیچ هەست بە ماندووبوون ناکەین و لە یەکەم رۆژەوە لەگەڵ هونەرمەندان و مامۆستایانی پەیمانگای هونەرەجوانەکان بەشدارم لەم کارەدا و تا کۆتا رۆژیش بەردەوام دەبم.

پێداچوونەوە: هەژان هادی