پۆلیسی دوکان خزمەتگوزارییەکی نوێی راگەیاند
لەمەودوا پەیوندی بە 104 بکە و لۆکەیشنەکەت زانراوە
964+
پۆلیسی دوکان خزمەتگوزارییەکی نوێی بۆ بەشی فریاکەوتن زیادکردووە و دەڵێت، لەمەودوا هەرکەس لە سنورەکە پەیوەندی بە 104 بکات، لۆکەیشنی کەسە لێقەوماوەکەیان پێدەگات و دەستبەجێ دەگەنە فریای.
قایمقامیەتی قەزای دوکان رۆژی دووشەممە لە فەیسبوکی خۆیان رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی فریاکەوتنی دوکان فراونترکرا و لەنوێترین خزمەتگوزارییاندا لۆکەیشینی ئەو هاوڵاتیانە دیاری دەکرێت کە لە سنورەکەیان پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 104 دەکەن.
لە پۆلیسی فریاکەوتنی دوکان 24 کاتژمێر ئێشکگریان ئامادەیە
بەبۆنەی نەورۆز و پێشبینی هاتنی گەشتیار بۆ قەزاکە، بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی دوکان مەفرەزەی رەوانەی شوێنی مانەوەی سەردانیکەران کردووە و 24 کاتژمێر ئێشکگریان ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی پەیوەندییەکان.
ساڵی رابردوو لە ماوەی دوو رۆژی جەژنی نەورۆزدا، نزیكەی 160 هەزار سەردانیكەر و گەشتیار سەردانی سەیرانگاكانی قەزای دوكانیان كرد و نزیكەی 30 هەزار ئۆتۆمبێل داخلی سەنتەری قەزای دوكان و ناحیە و سەیرانگاكانی دەوروبەری قەزاكە بوون.
بۆ نەورۆزی ئەمساڵ پێدەچێت بەهۆی نالەباری کەشوهەوا و بارانبارین گەشتیارێکی کەمتر سەردانی قەزاکە بکەن.