بێ کارەبایی گوندێکی گەرمیانی چۆڵکرد

964+

میلاد جەلال- گەرمیان

نەبوونی کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە بووەتە هەڕەشە بەسەر چۆڵبوونی گوندێکی گەرمیان.

گوندی مەرکەز شێخە کە 15 ماڵی تێدا بوو، بەهۆی پچڕانی تەزووی کارەبای گوندەکە بۆ ماوەی 10 رۆژ، هەروەها نەبوونی کارەبای مۆلیدە دانیشتووانی گوندەکەی تەواو بێزار کردووە، هەر بەو هۆیەوە بە قسەی ئەنجومەنی گوندەکە بێت ئێستا تەنیا سێ ماڵ لە گوندەکە ماونەتەوە.

گوندی مەرکەز شێخە سەر بە ناحیەی قۆرەتوی سەر بە ئیدارەی گەرمیانە.

جاسم محەمەد، ئەنجومەنی گوندەکەیە و قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، محامویلەی گوندەکە 10 رۆژ زیاترە تێکچووە و چاک نەکراوەتەوە، ئەو ماڵانەی لەگوندەکەدا بوون بەبێ کارەبا تەحەمولیان نەکرد و ناچار بۆ کەلار و شوێنەکانی دیکە گواستیانەوە.

دەشڵێت: ئەو ئەنجومەنە باسی لەوەشکرد پێشتر محاویلەکەیان بۆ چاککراوە بەڵام بەهۆی ئەوەی لەسەر کارەبای 32 کەی ڤییە، جارێکی دیکە خراپ بووە و فەرمانگەی کارەبای سنوورەکەش پێیانوتون بەمنزیکانە ناتوانن محاویلەکەیان بۆ چاک بکەنەوە.

هەر بە وتەی ئەنجومەنەکە لەکۆی 15 ماڵ ئێستا تەنیا سێ ماڵی ئاژەڵدار لە گوندەکەدا ماونەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کارەبا نییە ناتوانن بیرەکانیان بخەنەکار، ئەو سێ ماڵەش ئاژەڵەکانیان دەبەن لە گوندەکانی دراوسێ ئاویان دەدەن.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق