بەغدا رێگرە
چیرۆکى نەخۆشێکى گورچیلە: ماڵ و موڵکى بۆ کڕینى گورچیلەیەک فرۆشتووە
دیلان محەمەد- سلێمانى
نازەنین محەمەد، دایکی سێ منداڵە و هەردوو گورچیلەی لەکارکەوتووە، چیرۆکەکەی هێندە ئازاربەخشە ناچار بووە بۆ کڕینی گورچیلەیەک، هەرچی ماڵ و موڵک و ئۆتۆمبێلی هەیە بیفرۆشێت.
نازەنین کە ئەمڕۆ لەبەردەم سەنتەری گورچیلەی سلێمانی لەگەڵ نەخۆشانی دیکە لەبارەى کێشە و گرفتەکانیان گردبوونەوە، ئەو بە دڵێکى پڕەوە بۆ 964 دوا و وتى،”دەبێت حاڵمان چۆن بێت، ماڵ و موڵک و ئۆتۆمبێلم فرۆشتووە، بەهیواى کڕینى تەنیا یەک گورچیلە”.
نازەنین دواى هەوڵێکى زۆر و پارەیەکى زۆر، توانیویەتى لە خوارووى عێراق گورچیلەیەک دەستبخات، بەڵام بڕیارێکى وەزارەتى تەندروستى عێراق رێگرە لەبەردەم خەونى نازەنین، چونکە بەغدا رێگە نادات هاوڵاتى عەرەب گورچیلە بە هاوڵاتى کورد ببەخشێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر کوردێک بیبەخشێت هیچ کێشە و گرفتێک نییە.
هەرچەندە گردبوونوەى ئەوان لەبەردەم سەنتەرى گورچیلەى سلێمانى بوو، بەڵام وەک نازەنین دەڵێت: ئێمە کێشەمان لەگەڵ پزیشکانى سلێمانى نییە، ئەوان زۆر میهرەبان و خەمخۆرن بۆ چارەسەرى ئێمە، بەڵام بڕیارەکەى وەزارەتى تەندروستى عێراق هیوابڕاوى کردوین.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح