"300 لەقلەق دەچنە سعودیە و دێنەوە"

دەرەتفێ؛ شاری لەقلەقەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان

ئەمەل ناجی

لە گوندی (دەرەتفێ)ـی سەر بە شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، 300 لەقلەقی لێیە، کە ماوەی 15 ساڵە لەو گوندەن، 150 هێلانەیان هەیە و هەر دوو لەقلەقێک پێکەوە دەژین، 40 هێلانەیان خەڵکی گوندەکە لەسەر عامودەکان بۆیان دروست کردوون و ئەوانی دیکە خۆیان لەسەر درەختەکان دروستیان کردوون.

بیلال سەعیدزادە منداڵێکی ژیری گوندەکە کە زانیاری وردی لەسەر لەقلەقەکان هەیە، بە 964ـی وت، “لەقلەقە نێرەکان رۆژانە دەچنە دەریاچەی زرێبار و خواردن لەگەڵ خۆیان دەهێننەوە، لە وەرزی سەرماشدا بەرەوە وڵاتی سعودیە کۆچ دەکەن”.

بەقسەی بیلال، ساڵی 2011 تەنیا یەک لەقلەقی لێبووە، کاتێک هێلانەکەی لێ شێوێنراوە، چووەتە سعودیە و لەگەڵ خۆی 15 بۆ 20 دانە لەقلەقی دیکەی لەگەڵ خۆی هێناوەتەوە و وردە وردە زیادیان کردووە.

بە بۆنەی ھەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی لەقلەق، گوندەکە نازناوی شاری لەقلەکانی وەرگرتووە، ھەموو ساڵێک لە رۆژێکدا خەڵکی گوندەکە بۆنەیەک سازدەکەن و ئاھەنگ دەگێڕن.

ھەر بە بۆنەی ھەبوونی ئەم لەقلەقانەوە، زۆربەی دووکانەکانی گوندەکە بە ناوی لەقلەقەوە ناونراون، وێنەی ئەو باڵندەیەیان لەسەر دیواری دوکانەکانیان نەخشاندووە و پەیکەرێکی گەورەی لەقلەقیش لە گوندەکە دروستکراوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری