دوای دوو رۆژ تەرمی هاوڵاتییەک لە سلێمانی دۆزرایەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە گەڕەكی كەنەسورەی شاری سلێمانی تەرمی هاوڵاتییەک لە دوای دوو رۆژ دیارنەمانی دۆزرایەوە و ئاسایش دەڵێت، سێ کەسیان لەسەر ئەنجامدانی ئەو تاوانە دەستگیر کردووە.

عەمید پشتیوان بەهادین، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تەرمەکە لە نێو ماڵی یەکێک لە بکوژەکاندا شاردراوەتەوە و تۆمەتبارەکان هەموویان خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و لێرە نیشتەجێن.

“هێزەکانی ئاسایش توانیان لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا ئەو کەسانەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە، دەستگیر بکەن، کە چەند کەسێکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن،” عەمید پشتیوان بەهادین وای وت.

دەستگیرکراوەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە

بە وتەی پۆلیس، پەیوەندیی راستەوخۆ لە نێوان کوژراو و بکوژدا نەبووە، بەڵام دوور و نزیک یەکدیان ناسیوە و دەستگیرکراوەکانیش دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.

ئەو هاوڵاتییەی تەرمەکەی دۆزراوەتەوە لەدایکبووی ساڵی 1978ـە، لە نزیکی کاتژمێر 6:00ی ئێوارەی رۆژی هەینییەوە لە ماڵ چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە.

بە وتەی کەسوکارەکەی، هاوڵاتییەکە دانیشتووی گەڕەکی بەکرەجۆ بووە و شۆفێری تاکسی بووە و کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبووە.