لۆگۆی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان
ئاسایشی رۆژئاوا راگەیەندراوی هەیە
چەکدارانی داعش لە زیندانی دێرک هەڵنەهاتوون
ئەحمەد مستەفا
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاند، پڕوپاگەندەکانی هەڵاتنی چەکدارانی داعش لە زیندانی دێرک راست نییە و ئەوەی روویداوە هەڵاتنی 11 تۆمەتبار بووە لە زیندانێکی کاتی.
دەشڵێ، 10 تۆمەتباریان دەستگیرکراونەتەوە، گەڕان و لێکۆڵینەوەی چڕ بەردەوامە بۆ دەستگیرکردنی کەسی یازیەم و کۆتایی.
لە راگەیاندراوەکەیاندا هاتووە، لە چەند رۆژی رابردوودا هەندێک لە سایت و لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زانیاری ناڕاستیان بڵاوکردووەتەوە و رایانگەیاندووە، کۆمەڵێک زیندانی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە زیندانی دێرک هەڵهاتوون..
ئاسایش دەڵێ، ئێمە ئەم زانیارییانە رەتدەکەینەوە و بە تەواوی دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە، ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو زیندانەی کە باسی لێوە دەکرێت بۆ زیندانییانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دیاری نەکراوە.
ئەو رووداوە کە روویدا لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردنی کاتی بووە کە خەڵک بە تۆمەتی جۆراوجۆر راگیراون، هەڵهاتنێک لەوێ روویداوە و کە 11 تۆمەتبار بوون، هێزەکانمان توانیویانە 10 لەو هەڵاتووانە دووبارە دەستگیربکەنەوە.
زیندانی دێرک یان (زیندانی مالیکیە) یەکێکە لە بەناوبانگترین و گرنگترین ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە ناوچەی دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان، ئەم گرتووخانەیە لە نزیک سنووری عێراق و تورکیایە و زۆرجار بەهۆی رووداوە ئەمنییەکان و راگرتنی چەکدارە مەترسیدارەکانەوە دەبێتە جێی سەرنجی میدیاکان.