"بەهۆی بەفر و بارانەوە"
ئێسک و پروسکی گۆڕستانێکی کۆنی حاجی ئۆمەران دەرکەوتن
ئاکام غەفوور – سۆران
بەهۆی داڕمانی خاکەکەیەوە، ئێسک و پروسکی گۆڕستانێکی کۆن لە تەنیشت جووتسایدی حاجی ئۆمەران دەرکەوتن و شارەوانیش دەستیکردووە بە گواستنەوەی گۆڕەکان.
ژمارەی ئەو گۆڕانەی ئێسک و پروسکەکانیان دەرکەوتووە 15 گۆڕ دەبن، مێژووەکەشیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش کۆڕەوەکەی ساڵی 1991ـی کوردستان، لە دوای ئەو کاتەوە هیچ کەسێک لەو گۆڕستانە نەنێژراوە. تا ئێستا بەشێک لەو گۆڕانە گواستراونەتەوە و تەنیا پێنج دانەیان ماوە.
رێباز کەمال، سەرۆکی شارەوانی حاجی ئۆمەران، بە 964ـی وت، ئەو گۆڕانە لەگەڵ باران بارین و بەفری زۆر خاکەکەی داڕماوەو دەرکەوتون، دەستمان کردوە بە گواستنەوەیان بۆ شوێنێکی گونجاوتر.
ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی گواستنەوەی ئێسک و پروسکەکان بەپێی رێکارە شەرعی و یاساییەکان جێبەجێ دەکرێت، هەر گۆڕێک کە ئێسکەکانی دەرکەوتبێت، هەڵدەگیرێتەوە و لە شوێنێکی دیکە بەخاک دەسپێردرێتەوە.
پێداچوونەوە: مستەفا نەهرۆ