10 ساڵە فەرمانی قەرەبوویان بۆ دەرچووە

175 جووتیاری سەیدسادق نە زەوی قەرەبوویان وەرگرت نە پارە

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

لەگەڵ ئەوەی 10 ساڵە فەرمانی قەرەبوویان بۆ دەرچووە و زەویشیان بۆ تەرخانکراوە، بەڵام شارەوانی سەیدسادق ئامادە نییە زەوییەکەیان بەناو بکات.

زەوی ژمارەیەکی زۆر جووتیاری ناوچەکە بەر دروستکردنی دووسایدی سەیدسادق – هەڵەبجە دەکەون، جووتیارانی هەڵەبجە ئامادەبوون قەرەبووەکەیان بە پارە وەربگرنەوە، بەڵام ئەوانەی سەیدسادق کە ژمارەیان 175 بۆ 200 جووتیار دەبێت، داوایانکرد لە شارەوانی زەوی نیشتەجێبوونیان پێبدرێت.

دووسایدی سەیدسادق – هەڵەبجە لە ساڵی 2013ـەوە دروستکراوە کە درێژییەکەی 27 کیلۆمەترە و لە گوندی سەراو بۆ گوندی تەپەتۆڵەکەیە و بەناو زەوی جووتیارانی ئەو ناوچەیە تێدەپەڕێت.

لە شارەوانی سەیدسادق، نووسراو بۆ وەزارەتی شارەوانی کراوە کە زەوییان بۆ دابین بکرێت، بەڵام سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت: بەپێی یاسایی رێگەوبان قەرەبوویان بکرێتەوە.

جەزا حەسەن، یەکێکە لەو 175 جووتیارەی دەبوو قەرەبوو بکرێتەوە، بە 964ـی وت، شارەوانی سەیدسادق زەوییەکانی لێمان وەرنەگرتۆتەوە، بەڵام مافی ئەوەشمان نییە مامەڵە بەو کارتانە بکەین کە پێمان دراوە و بە ناویشمان ناکەن.

رووبەری زەوییە قەرەبووەکان لەنێوان 200 بۆ 300 مەتریین و دەکەونە سنووری شارەوانی سەیدسادق، جووتیارە هەڵەبجەییەکان دەمێکە بە پارە قەرەبوو کراونەتەوە، بەڵام ئەوانەی سەیدسادق نە زەویان وەرگرت و نە پارەش.

جەزا حەسەن، وەک نوێنەری ئەو 175 جووتیارە باس لەوە دەکات کە ئەو پارچە زەوییەی کە بڕیارە بە قەرەبوو وەری بگرێت، نرخەکەی لە بازاڕ 12 ملیۆن دینارە، کەچی تا ئێستا شەش ملیۆن دینارم خەرج کردووە و هێشتا زەوییەکەش نەبووە بە موڵکی من.

“سەرجەم رێگە یاسایی و مەدەنییەکانمان گرتووەتەبەر، قۆناغ بە قۆناغ نووسراومان کردووە، بەڵام کاتێک ھیچ ئەنجامێکی نابێت ناچار دەبین خۆپیشاندان بکەین تا ئەوکاتەی قەرەبوو دەکرێینەوە”.

رەزا محەمەد، قایمقامی قەزای سەیدسادق کە ماوەی زیاتر لە مانگێکە دەستبەکاربووە، بە 964ـی وت “لەگەڵ یادی ھەڵەبجە بە گرفتی جووتیارەکانمان زانیوە، کاتێک هەڕەشەی خۆپیشاندان و گرتنی رێگایان کرد، داوامانکردووە سەرجەم دۆسیە و نوسراوەکانیان ئاراستەی قایمقامیەت بکەن، تا بەدواداچوون بۆ گرفتەکەیان بکەین و زەوییەکانیان بەناو بکرێن”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق