"خەڵک لە دڵەڕاوکێدان"

دەنگۆی بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار هەیە لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە

کاردۆست حسێن – هەولێر

چەند رۆژێکە بەهای دۆلار تا دێت زیاتر بەرز دەبێتەوە و ئەمڕۆش بەهای 100 دۆلار نزیکی 160 هەزار دینار بووەوە، وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێریش هۆکارەکەی بۆ ئەو دەنگۆیە دەگەڕێنێتەوە کە دەڵێت حکومەتی عێراق بەهای دۆلار بەرز دەکاتەوە.

کەیفی خۆشناو، وتەبێژی ئەنجومەنی بازاڕی دراوی هەولێر لەبارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار قسەی بۆ 964 کرد و وتی، بابەتی بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، تا ئێستا دەنگۆیە و راگەیەندراوی فەرمییان نەبووە، بەڵام ئەم دەنگۆیە دڵەڕاوکێی لای خەڵک دروستکردووە.

بەهای فەرمی دۆلار لە بانکی ناوەندی عێراق 1320 دینارە بۆ هەر دۆلارێک، بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بەرزکردنەوەی ئەم نرخەش، کاریگەری لەسەر بەهای دۆلار دەبێت لە بازاڕدا.