عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران. فۆتۆ/ئاژانسەکان
شەمخانی بۆ رێکەوتنێکی 10 ملیار دۆلاری گەیشتە عێراق
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
بەیانی ئەمڕۆ، عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بەسەرۆکایەتی وەفدێکی باڵا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆدەبێتەوە.
ئاژانسی ھەواڵیی میھری ئێرانی بڵاویکردەوە، لە سەردانەکەیدا عەلی شەمخانی سەرۆکایەتیی وەفدێکی ئەمنیی باڵا دەکات، کە پێکھاتوون لە وەزیری ئیتلاعات و بەرپرسانی سوپای پاسداران.
رێکەوتنێکی سێ لایەنە واژوو دەکرێت
بڕیار وایە، دوای کۆبوونەوەی شەمخانی لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، رێککەوتنێکی سێ لایەنە لە نێوان ئێران و حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان واژۆ بکرێت، میدیاکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران وا دەڵێن.
بە پێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، بابەتەکانی پەیوەست بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە بڕی نزیکەی 10 ملیار دۆلار، و خێراترکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئابوورییەکان و ئاسانکارییە بانکییەکان تاوتوێ دەکات.
بەغدا، دووەم وێستگەی سەردانەکانی شەمخانییە لە دوای ئەبوزەبی، لە پاش رێکەوتنی نێوان سعوودیە و ئێران بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکان.