هونەرمەند بەکر رەشید جەڵتە لێیداوە
میدیازان – پەرستۆ ساڵح – هەولێر
دەرهێنەر و ئەکتەری کورد، بەکر رەشید ناسراو بە کەسایەتی “شێرکۆ” لە درامای گەردەلول، بەهۆی خراپی تەندروستیەوە رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە میدیازانی وت، “لە چەند رۆژی رابردوودا بەکر رەشید بەهۆی جەڵتەوە بەپەلە رەوانەی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەیەکی تایبەتی سلێمانی کراوە، چارەسەری پێویستی بۆ کراوە، پاش چەند رۆژێک مانەوەی گەڕاوەتەوە ماڵەوە”.
بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستی بەکر رەشید، میدیازان پەیوەندی کرد بە ناوبراوەوە، بەڵام وەڵامی نەدایەوە.
ئەکتەر و پزیشک دکتۆر تەها مەحمود لە هەژماری خۆیەوە لە فەیسبوک وێنەیەکی لەگەڵ بەکر رەشید و نەرمین کاوانی بڵاوکردووەتەوە لە کاتی سەردانی بۆ نەخۆشخانە، داوا دەکات نزای چاک بوونەوەی بۆ بکرێت.
بەکر رەشید لەدایکبووی ١٩٧٦ە، جگە لە نواندن و دەرهێنان شانۆکاریشە، هاوکات ئەندامی گروپی نواندنی سلێمانی بووە، لە شانۆیی “قەرەج” خەڵاتی باشترین دەرهێنەری شانۆیی لە فێستیڤاڵی عیراق بەدەستهێناوە.