گەنجێکی چەمچەماڵ كارى جیاواز له‌ كشتوكاڵ ده‌كات

964+

هۆگر عەدنان – چه‌مچه‌ماڵ

گەنجێکی چەمچەماڵ، کە پیشەی کشتوکاڵ و باخدارییه‌، ماوەی 10 ساڵە رووەکی راپس لە کوردستان بەرهەم دەهێنێت، ده‌شڵێت پار بۆیه‌كه‌مجار هه‌رزنم به‌رهه‌مهێناوه‌و رووه‌كى شۆفانیشم چاندووه‌.

راپس، یه‌كێكه‌ له‌و گوڵه‌ تایبه‌تانه‌ى كه‌ هه‌نگ سوودى لێده‌بینێت و رووه‌كى شۆفانیش بۆ هه‌ندێك خواردنى چێشتخانه‌ و وه‌ك پڕۆتینێكی سروشتیش بۆ وه‌رزشه‌وانان به‌كارده‌هێندرێت.

عوسمان عەلی ئه‌و گه‌نجه‌ى چه‌مچه‌ماڵ تەمەن 32 ساڵە، بۆ 964 وتی “ماوەی 10 ساڵە كار له‌سه‌ر ئه‌و رووه‌كه‌ ده‌كه‌م، جگە له‌وەی هەنگ حەزی بە خواردنیه‌تی، ده‌توانرێت رۆنی خواردنیشى لێ بەرهەم بهێنرێت”.

به ‌پێی زانیارییه‌كانى 964، پێشتر ئه‌و گه‌نجه‌، هەرزنی بەرهەمهێنا و ئەمساڵ شۆفان، ده‌ڵێت “هیچ کەسێکی دیکە لەسەر ئاستی سلێمانی شۆفانی بەرهەم نەهێناوە”.

عوسمان، گله‌یی له‌ حكومه‌ت ده‌كات كه‌ تائێستا هیچ هاوكارییه‌كیان نه‌كردووه‌ ته‌نانه‌ت ده‌ڵێت “سه‌ردانیشیان نه‌كردووم”.

له‌په‌یوه‌ندییه‌كدا، عیسا شێخ جەلال بەڕێوه‌بەری کشتوکاڵی چەمچەماڵ بە تۆڕی 964ـى وت، دەستخۆشی لەو گەنجە و هەر گەنجێکی دیکە دەکەن كه‌ لە بواری کشتوکاڵ داهێنان بکات و وتیشی “لەرێگەی تۆڕی 964 داوا دەکەم ئەو گەنجە سەردانمان بکات، بۆئەوەی لیژنەی پسپۆڕ پێکبهێنین بۆ سەردانی بەروبومەکانی و بۆ ئەوەی لە ئایندەدا هاوکاری بکەین لەرووی دابینکردنی دژە بەکتریا و زەهر و کەلوپەل و پێداویستی کشتوکاڵی”.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن