وەڵامى دەستەى راگەیاندنى عێراقى دەداتەوە
راگەیەندراوێک لە کۆرەک تیلیکۆمەوە،”دەیانەوێت لە بازاڕ دەرمان بکەن و پەنا بۆ دادگا دەبەین”
وریا فەتاح
کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا وەڵامی بڕیارەکانی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، دەستەکە دەیەوێت بە بیانووی نادروست و بەشێوەیەکی نایاسایی کۆمپانیاکە لە بازاڕی کارکردن دووربخاتەوە، بۆ ئەمەش هەموو رێکارێکی یاسایی دەگرنەبەر.
بەپێی راگەیەندراوەکەی کۆرەک، سەرباری ئەوەی لە ساڵی 2007ـەوە رووبەڕووی “ستەم و زۆرداری” بوونەتەوە و لە مافە بنەڕەتییەکانیان بێبەش کراون، بەڵام لەپێناو خزمەتکردنی بەشداربووان و لەسەر رێنمایی راستەوخۆی سەرۆکوەزیرانی عێراق، چوونەتە ناو رێککەوتنی پێکهاتن (التسوية). بەڵام کۆمپانیاکە دەڵێت، لایەنی جێبەجێکاری دەستەی راگەیاندن کۆسپی خستووەتە بەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.
کۆرەک تیلیکۆم ئاشکرای دەکات، خاڵی سەرەکی کێشەکە رەتکردنەوەی بەڵگەنامەی ئەستۆپاکی باج بووە کە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە (بەو پێیەی شوێنی دامەزراندنی کۆمپانیاکە لە هەرێمە). ئەمەش بووەتە هۆی رێگریکردن لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیان.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەستەی راگەیاندن و گەیاندن پشتگوێی نووسراوە فەرمییەکانی باڵاترین دەسەڵاتی دەوڵەتی خستووە، بڕیارەکەی رۆژی 2ـی حوزەیرانی 2026ی دەستەکەش بە هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکە بە “بڕیارێکی زۆردارانە” ناو دەبات کە ئامانج لێی زیانگەیاندنە بە کۆمپانیاکە و ملیۆنان بەشداربوو، هەروەها وێرانکردنی کەرتی گەیاندن لە عێراق.
کۆڕەک ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە گوایە جدی نەبوون لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکە و دەڵێت: “تا رۆژی 31ی ئایاری 2026 پەیوەندییەکانمان بەردەوام بووە، تەنانەت یەکەم رۆژی دوای جەژنی قوربان وەفدێکی باڵامان نارد بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆکی دەزگای جێبەجێکاری دەستەکە، بەڵام ناوبراو لە کاتی دیاریکراودا خۆی لە چاوپێکەوتنەکە دزییەوە”.
لە کۆتاییدا کۆڕەک تیلیکۆم دڵنیایی دەداتە بەشداربووانی کە متمانەی تەواویان بە دادگا و دامەزراوە دەستوورییەکان هەیە و هەموو رێکارێکی یاسایی دەگرنەبەر بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان.