هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەکات
ئێران ئاڵوگۆڕی پەیامەکانی لەگەڵ ئەمریکا راگرت
وریا فەتاح
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی بڵاوی کردەوە، تاران بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و غەززە، ئاڵوگۆڕی پەیامە ناڕاستەوخۆکانی لەگەڵ ئەمریکا راگرتووە و هۆشداریش دەدات لە کردنەوەی بەرەی نوێی جەنگ.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە (کە نزیکە لە سوپای پاسدارانی ئێران)، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی راگەیاندنی ئاگربەست لە لوبنان یەکێک بووە لە مەرجە پێشوەختەکان و ئێستا لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشێل کراوە، تیمی دانوستانکاری ئێرانی بڕیاریداوە “گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی دەق و پەیامەکان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە” بە شێوەیەکی کاتی رابگرێت.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، بەرپرسان و دانوستانکارانی ئێران جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت دەستبەجێ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان رابگیرێن و هێزەکانی ئەو وڵاتە بەتەواوی لەو ناوچانەی لوبنان بکشێنەوە کە چوونەتە ناوی. هۆشداریش دراوە کە تاوەکو داواکارییەکانی ئێران و ئەو هێزانەی پێیان دەوترێت “بەرەی مقاوەمە” جێبەجێ نەکرێن، هیچ جۆرە گفتوگۆیەک بوونی نابێت.
لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکانی تەسنیمدا باس لە فراوانبوونی ململانێکان کراوە و ئاماژە بەوە دراوە کە، هێزە چەکدارەکانی ئێران و گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی، ئامادەکاری دەکەن بۆ کاردانەوە و کردنەوەی بەرەی نوێ.
ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە کە پلانێک بۆ “داخستنی تەواوەتیی گەرووی هورمز” و چالاککردنی بەرەکانی دیکەی وەک گەرووی بابەلمەندەب خراوەتە بەرنامەی کارەوە، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ ئەوەی تاران بە “سزادانی ئیسرائیل و پشتیوانەکانی” ناوی بردووە.