رێز له‌ یانه‌ی ئامه‌دسپۆر گیرا

دهۆك سێ خاڵی له‌ دیوانییه‌ وه‌رگرت

964+
زەید کۆچەر – دهۆك

له‌ خولی نایابی عێراق یانه‌ی دهۆك سێ خاڵی دیكه‌ی به‌ده‌ستهێنا و به‌ ئه‌نجامی 2-0 گۆڵ له‌ یانه‌ی دیوانییه‌ی برده‌وه‌ .

یارییه‌كه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌ گه‌ڕی 21 ئه‌نجام درا و تێیدا جه‌ماوه‌رێكی زۆر له‌ یاریگه‌ی دهۆك ئاماده‌بوون.

لە سەرەتای یارییەکە پشتیوانانی یانەی دهۆک و سەرۆکایەتی یانەکە وەک رێزلێنانێک بۆ یانەی ئامه‌د سپۆر، کە له‌ خولی توركیا توندوتیژییان بەرامبەر کرابوو، خولەکێک وەستان و پارچە ڤیدیۆیه‌ک لە سەر شاشەی نێو یاریگه‌ پێشاندرا.

دواتر یارییه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد و گۆڵه‌كانی یانه‌ی دهۆك هه‌ردوو یاریزانی پیشه‌گه‌ر “یانیك زاكیری و برنس ئۆبۆكۆ” له‌ خوله‌كه‌كانی 38 و 51 تۆماریان كرد.

به‌م ئه‌نجامه‌ یانه‌ی دهۆك ژماره‌ی خاڵه‌كانی گه‌یانده‌ 35 خاڵ و له‌ پله‌ی شه‌شه‌می ریزبه‌ندییه‌، یانه‌ی دیوانییه‌ش له‌ پله‌ی كۆتایی خوله‌كه‌یه‌ و ته‌نیا 6 خاڵی هه‌یه‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ خوله‌كه‌دا یانه‌ی نه‌ورۆز له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا به‌ 1-1 گۆڵ له‌گه‌ڵ یانه‌ی كه‌رخ یه‌كسان بوو.

جێی ئاماژه‌یه‌ یاریی نێوان كاره‌با و هه‌ولێریش دواخراوه‌، هه‌روه‌ها هه‌ر له‌ گه‌ڕی 21دا سبه‌ی یانه‌ی زاخۆ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیدا له‌گه‌ڵ یانه‌ی سناعه‌ یاریی ده‌كات.

ئه‌نجامی یارییه‌كانی دیكه‌ی ئه‌مڕۆ:
كه‌ربه‌لا 3-1 ته‌ڵه‌به‌
نه‌فتی میسان 0-0 نه‌فتی وه‌سه‌ت.

ئه‌مشه‌و یاریی لووتكه‌ هه‌یه‌
هه‌ر ئه‌مشه‌و له‌ خوله‌كه‌دا یاریی لووتكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو یانه‌ی زه‌وڕا و شوڕته‌ له‌ یاریگه‌ی شه‌عب ده‌كرێت.
یارییه‌كه‌ كاتژمێر 21:00 ده‌ستپێده‌كات.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا