رێکەوتن یان دەستپێکردنەوەی جەنگ
دوا کاتژمێرەکانی جموجۆڵی هەمەلایەنە ئێران و ئەمریکا بەرەو کوێ دەبات؟
فەرهاد حەسەن
ئەمریکا و ئێران نزیکبوونەتەوە لە گەیشتن بە رێکەوتنێک کە رەنگە کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت کە نزیکەی سێ مانگە بەردەوامە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە جموجۆڵە دیپلۆماسییە چڕەکان و پەیوەندییە ناوچەییەکان بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا ئەم دۆخەیان هێناوەتە پێشەوە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری ئاکسیۆس، ترەمپ لەگەڵ هەریەک لە سەرکردەی وڵاتانی سعودیە، قەتەر، ئیمارات، پاکستان و تورکیا کردووە و داوا لە ترەمپ کراوە، بەردەوام بێت لە رێکەوتنەکە لەگەڵ تاران و دووربکەوێتەوە لە گەڕانەوە بۆ پەرەسەندنی سەربازی.
ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسێکی ئاگاداری ئەمریکییەوە بڵاویکردووەتەوە، کە ئیدارەی ترەمپ و ئێران “زۆر نزیکن” لە رێکەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو جیاوازییانەی کە ماونەتەوە لە ئێستادا لەسەر “داڕشتنی” هەندێک خاڵی تەکنیکی و سیاسییە.
بەڵام ئەو بەرپرسە لە هەمانکاتدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ترەمپ “هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە”، روونیشیکردەوە کە سەرۆکی ئەمریکا هێشتا لێکۆڵینەوە لەو بژاردانە دەکات کە خراوەتەڕوو، لە نێویاندا دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا.
ترەمپ لە لێدوانەکانی پێشوودا رایگەیاندبوو کە چانسی گەیشتن بە رێکەوتن یاخود گەڕانەوە بۆ شەڕ لەگەڵ ئێران “یەکسانە” و ئاماژەی بەوەشکرد، پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدات لەگەڵ تیمی دانوستانکارەکەی کۆدەبێتەوە، بەڵام وتویەتی کە ئەمریکا خوازیاری رێکەوتنێکە کە رێگری لە ئێران بکات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و زامنی ئاسایشی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بکات.
بەگوێرەی ماڵپەری ئاکسیۆس، بڕیارە ترەمپ پەیوەندییەک لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بکات بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی دانوستانەکان، هاوکات جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکیش بانگهێشتی هێگسێت وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی دەکات بچێتە واشنتۆن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی بەپەلە سەبارەت بە دۆسیەی ئێران.