پێشتر هاکان فیدانیش باسی ئەو مەترسییەی کردووە

دەوڵەت باخچەلی: ئەوەی ئەمڕۆ لە دژی ئێران دەکرێت سبەی روو لە تورکیا دەکات

فەرهاد حەسەن

سەرۆکی پارتی مەهەپە (یەکێک لە دیارترین پارتەکانی تورکیا) هۆشداری دەدات کە ئەو هەڕەشە سیاسی و سەربازییانەی ئەمڕۆ دژی ئێران ئەنجامدەرێن، سبەی روودەکەنە تورکیا، بەڵام دەڵێت “ئیرادەی نەتەوەیی و رەگە مێژووییە قوڵەکانی گەلانی ناوچەكە دەبنە بەربەستێکی پتەو لەبەردەم ئەو هەوڵە بێهودەیە”.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە ئەمڕۆ ئەم قسەیەی لەمیانەی وتارێكدا بۆ ژمارەیەك دەرچووی ناوەندێکی پەروەردەیی پارتەكەی کرد و وتی “سەدەی 21 سەردەمی گۆڕانی نەزمی جیهانی و پێکدادانی بەهاکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوایە، هەرچەندە رۆژئاوا لە رووی مادی و تەکنەلۆژیاوە لە لوتکەدایە، بەڵام سیستەمە ئەخلاقی و بەهاییەکەی بەهۆی دوڕوویی و چەوسانەوەی گەلانی دیکە بەرەو داڕمانێکی قوڵ دەچێت”.

ئاماژەی بەوەشكرد،  شەڕی ئۆکرانیا و پشتگیریکردنی بێ مەرجی ئیسرائیل بۆ کۆمەڵکوژییەکانی، سەلماندیان کە بەها مۆدێرنەکانی رۆژئاوا، تەنیا ئامرازێکن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان، رۆژئاوا ئەم بەهایانە وەک قسەیەكی بێ ناوەڕۆک بەکاردەهێنێت بۆ شەرعیەتدان بە تاڵانکردنی سامانی نەتەوەکانی دیکە.

لەبارەی ئایندەی توركیاشەوە باسی لەوەكرد “هەڕەشە سیاسی و سەربازییەکانی ئەمڕۆی هێزە جیهانییەکان کە ئێرانی کردووەتە ئامانج، لە داهاتودا روودەکەنە تورکیا، ئەوەی ئەمڕۆ دژی ئێران دەکرێن، بەیانی روودەکاتە تورکیا”.

دەشڵێت “هەندێک لایەن باس لەوەدەكەن كە ئامانجی دوای ئێران، تورکیایە، بەڵام ئەمە هەوڵێکی بێهودەیە، چونکە ئیرادەی نەتەوەیی ئەم گەلانە رەگێکی مێژوویی قوڵی هەیە و بەم هەڕەشانە لەناو ناچێت، بەڵکو هۆشیاریی بوون و پاراستنی خاک بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازنەوە”.

باخچەلی یەكەم بەرپرسی توركیا نیە كە باس ئایندەی وڵاتەكەی و ئەگەری شەڕی بەڕووی خۆیاندا كردبێت، پێشتر هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە رۆژی 14.3.2026 لە کاتی میوانداریکردنی لەسەر مێزی سەرنوسەرانی ئاژانسی ئانادۆڵۆی فەرمی وڵاتەکەی وتبووی “ئیسرائیل ناتوانێت دوای ئێران بەبێ دوژمن بژیت و دەبینین کە نەتەنیاهۆ هەوڵدەدات تورکیا وەک دوژمنێکی نوێ بناسێنێت”.