زیاتر لە ملیارێک دینار بۆ نوێکردنەوەی فەرمانبەرانی گرێبەست

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

گرێبەستی بەشێک لە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر نوێدەکرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە رەزامەندی دراوە بۆ خەرجکردنی بڕی ملیارێک و 665 ملیۆن دینار.

سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هه‌رێم، رۆژی 16.3.2023 نووسراوێکی وەزارەتی دارایی پەسەند کردووە کە واژووی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی بەسەرەوەیە و تێیدا هاتووە، “رەزامەندی درا لەسەر خەرجکردنی ملیارێک و 665 ملیۆن دینار بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی فەرمانبەرانی گرێبەستی داهاتی پەرەپێدان، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر.”

دەبێت ئەو فەرمانبەرانه هەمان فەرمانبەرانی پێشوو بن و لەسەر کاری خۆشیان بەردەوام بن

بە پێی نوسراوەکە، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانە 371 کەسە، نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیش لە 1.1.2023ـوە دەستیپێکردووە و تا 31.12.2023 دەبێت، بەو مەرجەی ئەو فەرمانبەرانه هەمان فەرمانبەرانی پێشوو بن و لەسەر کاری خۆشیان بردەوام بن.

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 25 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەن

بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 25 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەن، کە لە سەرجەم فەرمانگە و وەزارەتەکاندا کاردەکەن.