سوپای پاسداران بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل:

“هێرش بکەنەوە سەر ئێران جەنگەکە فراوانتر دەکەین”

شۆڕش قادری

سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی توند لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، “هێرش بکەنەوە سەر ئێران جەنگەکە فراوانتر دەکەین”.

سوپای پاسداران لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، “هێشتا هەموو تواناکانمان بەکارنەهێناوە، ئەگەر دەستدرێژی بکەنەوە سەر وڵاتەکەمان، شەڕەکە لە ناوچەکە دەچێتەوە دەرەوە و فراوانتر دەبێت، لەو شوێنانەی لە هەرگیز بە خەیاڵتاندا نایە، گورزی کوشندەتان لێ دەدەین و لەگەڵ خاک یەکسانتان دەکەین”.

چەند رۆژێکە بابەتی سەرهەڵدانەوەی جەنگی ئێران زۆر گەرمە و بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، ئەمریکا و ئیسرائیل ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر ئێران لە هەفتەی داهاتوودا، لە دوایین لێدوانیشیدا، شەوی رابردوو  دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ” ئامادەبووین و تەنیا یەک کاتژمێر دوور بووین لە ئێران بدەین، لەوانەیە ناچار بین گورزێکی دیکەی لێ بوەشێنین”.