پارەکەی بۆ تەواوکردنی شەقامەکەیە
بڕیاری فرۆشتنی زەوییە گرانبەهاکانی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی درا
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی بڕیاری فرۆشتنی زەوییە گرانبەهاکانی دەوروبەری شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانیی پەسەند کرد لەپیناو تەواوکردنی شەقامەکە.
ئەنجوومەنەکە لە کۆبوونەوەی دوێنێ پێنجشەممە 16.3.2023 ئەو بڕیارەی داوە.
شەقامی ١٠٠ مەترییەکەی سلێمانی درێژییەکەی ١٤٦ کیلۆمەترە و سێ قۆناغە، قۆناغی یەکەمی ٣١ کیلۆمەترە و ٤٦٪ـی کارەکانی تەواو بووە بەهۆی نەبوونی بوودجەوە کارەکانی بە سستی دەڕواتە پێشەوە.
بۆ تەواوکردنی ئەو بەشەی شەقامەکە شارەوانیی سلێمانی زەوییە گرانبەهاکانی چواردەوری دەفرۆشێت و بە پارەکەی کارکردن لە شەقامەکە گەرموگوڕ دەکاتەوە.
تۆڕی 964 لە سەرچاوەیەکی شارەوانیی سلێمانییەوە دەزانێت، لیژنەیەک پێک هێندراوە بۆ جیاکردنەوەی زەوییە گرانبەهاکان و دیاریکردنیان و پاشان فرۆشتنیان.
شەقامەکە لە 11.7.2020 بەردی بناغەی داندراوە بڕیار درا لە ماوەی سێ ساڵدا تەواو بکرێت و سەرەتا 400 ملیار دیناری بۆ تەرخان کرا، بەڵام چەند جارێک کارکردن تیایدا وەستاوە و تا ئێستاش قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە تەواو نەکراوە.