پردى داقوق
درێژییەکەى 1000 مەترە
پارێزگای کەرکووک: کارەکانی نۆژەنکردنەوەی پردی ستراتیژیی داقوق گەیشتووەتە 60%
964+
وریا فەتاح
کارەکانی نۆژەنکردنەوەی پردی کۆنکرێتیی داقوق لەسەر رێگای سەرەکیی (بەغدا – کەرکووک) قۆناغێکی باشی بڕیوە و رێژەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە گەیشتووەتە نزیکەی 60%.
بەپێی راگەیەندراوێکی پارێزگای کەرکووک، ئەم پڕۆژەیە کە درێژییەکەی (1000) مەترە، بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییە گرنگەکانی عێراق دادەنرێت، چونکە دەکەوێتە سەر یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی بەستنەوەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری وڵات بە پارێزگاکانی هەرێمى کوردستانەوە.
سەبارەت بە وردەکاریی کارە ئەندازیارییەکانی پڕۆژەکە، ئاماژە بەوە کراوە کە قۆناغەکانی کارکردن پێکهاتوون لە لابردنی ئەو بەشە زیانپێکەوتووانەی پردەکە کە پێشتر بەهۆی لافاو و سەرڕێژبوونی ئاوی دۆڵی (شای)ـەوە تێکچووبوون. لە ئێستاشدا کار دەکرێت بۆ دروستکردنی پردێکی کۆنکرێتیی نوێ بە سەرجەم پێوەرە سەردەمییەکانەوە.
پڕۆژە نوێیەکە چەندین وردەکاریی خزمەتگوزاری لەخۆدەگرێت، لەوانە: کارەکانی جوانکاری، هێڵکاریی رێگاکە و دانانی ستوونی رووناککەرەوە. هەروەها بۆ پاراستنی بنچینەی پردەکە لە لافاوی داهاتوو، کاری رووپۆشکردنی بنی ڕووبارەکە بە بەردی چەو (جەلمود) ئەنجام دەدرێت، شانبەشانی بەردەوامیی کارەکانی چەکوشکاری و کۆنکرێتکردن.