خورماتوو
گەنجێک لە کاتى کوژاندنەوەى ئاگرى ماڵە دراوسێکەیان گیانى لەدەستدا
سیروان خورشید – دووزخورماتوو
درەنگانی شەوی رابردوو، لە رووداوێکی دڵتەزێندا لە گوندی “باشەکلان”ـی سەر بە قەزای ئامرلی، گەنجێک لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری ماڵی دراوسێکەیان، بەرمیلێک نەوتی پێدا تەقییەوە و گیانی لەدەستدا.
حسێن سلێمان، ئامۆزای گەنجەکە، چیرۆکەکەی بۆ 964 گێڕایەوە و وتی: “کاتێک ئامۆزاکەم گوێی لە هاواری دراوسێکەمان بوو، یەکەم کەس بوو کە رایکرد بۆ بەهاناوەچوونیان، بەڵام لە کاتی هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، بەهۆی توندیی گەرماکەوە بەرمیلێک نەوت تەقییەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی”.
مستەفا رەشید، پزیشکی ئێشکگر لە نەخۆشخانەی گشتیی ئامرلی بە 964ـی راگەیاند، گەنجەکە پێش ئەوەی بگاتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو.
وتیشی: “پشکنینە سەرەتاییەکان دەریانخستووە، بەهۆی هێزی تەقینەوەکە و بەرکەوتنی راستەوخۆی ئاگرەکە، رێژەی سووتانی جەستەی زۆر قوڵ و سەرتاسەری بووە، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی خێرا وەستانی دڵی بووە”.
گەنجەکە ناوی “سەیف سەعید”ـە، تەمەنی 24 ساڵ بووە و هێشتا هاوسەرگیریی نەکردبوو.
دوای تەواوبوونی رێکارە تەندروستی و یاساییەکان، تەرمەکەی رادەستی کەسوکاری کرایەوە بە مەبەستی بەخاکسپاردنی و هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکەش پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح