بۆچی 15ی ئایار وەک رۆژی زمان هەڵبژێردرا؟

رۆژی زمانی کوردی؛ 94 ساڵ بەسەر دەرچوونی گۆڤاری هاواردا تێدەپەڕێت

ژێوار خدر

ئەمڕۆ 15.5.2026 رۆژی زمانی کوردییە، ئەم رۆژە وەک رێزێک بۆ رەسەنایەتی و مێژووی نووسینی کوردی، ساڵانە لەلایەن دامەزراوە رۆشنبیرییەکان و کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان و تاراوگە پیرۆز دەکرێت.

مێژووی ئەم رۆژە بۆ 15ی ئایاری 1932 دەگەڕێتەوە، کاتێک میر جەلادەت عالی بەدرخان یەکەمین ژمارەی گۆڤاری “هاوار”ی لە شاری دیمەشق بڵاوکردەوە، گرنگی ئەم رۆژە لەوەدایە کە گۆڤاری هاوار وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە مێژووی ئەدەبیاتدا و بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی زانستی ئەلفوبێی لاتینی بۆ زمانی کوردی بەکارهێنا، هەر لەم رۆژەدا و لە ساڵانی 1954 و 1963، هەردوو گۆڤاری “هەتاو” لە هەولێر و “رۆژا نوێ” لە ئیستانبوڵ دەستیان بە بڵاوکردنەوە کردووە.

ئێستا ئەم رۆژە بووەتە بۆنەیەکی نەتەوەیی و تێیدا کوردان بە رێوڕەسمی جۆراوجۆر و بەخشینی کتێبی کوردی بە یەکتر، بایەخ بە زمانەکەیان دەدەن. لە ساڵی 1998ەوە ئەم رۆژە بە فەرمی وەک رۆژی زمانی کوردی ناسێندرا، ئەمەش دوای ئەوەی سەرجەم ژمارەکانی گۆڤاری هاوار دوای کۆکردنەوەیان لە دوو بەرگدا دووبارە بڵاوکرانەوە، وەک وەفایەک بۆ ئەو خزمەتە گەورەیەی میر جەلادەت بەدرخان بە زمان و رۆشنبیریی کوردی کردوویەتی.