فەرمانی دەستگیرکردن بۆ غازفرشەکە دەرچوو

هاوڵاتییەک لە سەرەی وەرگرتنی غاز لە کەلار گیانی لەدەست دا

ژووری هەواڵ

هاوڵاتییەکی تەمەن 56 ساڵ لە قەزای کەلار لە سەرەی وەرگرتنی غازی ماڵان گیانی لەدەست دا و لەسەر سكاڵای کەسوکاری هاوڵاتییەکە و بە بڕیاری دادوەر، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ غازفرۆشەکە دەرچوو.

ئەمڕۆ سێشەممە 12.5.2026 عەقید سۆران حەمەغەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، لە قەزای کەلار لەسەرەی وەرگرتنی غاز هاوڵاتییەک بەناوی (عەلی حەمە ئامین قادر) لەدایکبووی 1970 دانیشتووی کەلاری کۆن گیانی لەدەست دا.

ئاماژە بەوەشدرا، ئێستا بە مەبەستی توێکاری و زانینی هۆکاری گیانلەدەستدانی، تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراوە.

عەقید سۆران راشیگەیاند، کەسوکاری هاوڵاتییەکە سکاڵایان تۆمار کردووە، بۆیە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 411 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ غازفرۆشەکە دەرچووە.