سەردانی فەرمییە

پارێزگارانی هەولێر و دهۆک گەیشتنە شاری ئامەد

ئەرسەلان عەبدوڵا

هەردوو پارێزگاری هەولێر و دهۆک بە داوەتنامەیەکی فەرمی هاوسەرۆکانی شارەوانیی گەورەی ئامەد، گەیشتنە ئەوێ و بڕیارە بەشداریی کۆڕبەندی ئاشتی و ئازادیی کۆمەڵایەتی دەکەن.

هەریەکە لە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، ئێوارەی دووشەممە گەیشتنە ئاماد و و راگەیاندنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، لەسەر بانگهێشتی فەرمی هاوسەرۆکانی شارەوانیی گەورەی شاری ئامەد سەردانی باکووریان کردووە و لە لایەن ئایشە سێرا بوجاک کوچوک و دۆغان هاتون، هاوسەرۆکانی شارەوانیی ئامەد بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.

“ئەم سەردانە فەرمییە بە مەبەستی بەشداریکردنە لە ” کۆڕبەندی ئاشتی و ئازادیی کۆمەڵایەتی ” کە بڕیارە لە نێوان 12 بۆ16ی ئەم مانگە لەژێر دروشمی “پێکەوە” (Bi Hev Re) لە شاری ئامەد ( دیاربەكر ) بەڕێوەبچێت”، راگەیاندراوی پارێزگای هەولێر وادەڵێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، کۆڕبەندەکە ئامانجی سەرەکی دروستکردنی زمانێکی هاوبەشی هیوا، بونیادنانی ئاشتی و کۆکردنەوەی دەنگە جیاوازەکانە.

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، کارنامەی چالاکییەکان چەندین وۆرکشۆپ، پانێڵ، پێشانگا، کۆنسێرت و رێپێوانی یادکردنەوە لە بوارەکانی پەروەردە، هونەر، مافەکان، ژنان و ئیکۆلۆژی لەخۆ دەگرێت و بەشداریکردنی پارێزگارانی هەولێر و دهۆک لەم چالاکییەدا، وەک هەنگاوێکی گرنگ لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان لە قەڵەم دەدرێت.