"داخستنی گەرووی هورمز"

BYD و کۆکا کۆلا کێشەی گەورەیان بۆ دروست بووە

ئەرسەلان عەبدوڵا

شارەزایانی ئابووری پێیان وایە مانەوەی گەرووی هورمز بە داخراوی، کێشەی گەورەی بۆ ئابووریی جیهان دروست کردووە و ئەگەر بەم شێوەیە درێژە بکێشێت، کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە.

ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا باس لە دوو کۆمپانیای گەورە دەکات، کە ئێستا تووشی تەنگژەی گەورە هاتوون، ئەمەش بەهۆی زەحمەتی دەستگەیشتنیان بە ماددە سەرەکییەکانی بەرهەمەکانیان، بە تایبەتی ئەو بەرهەمانەی لە وڵاتانی کەنداوەوە پێیان دەگات.

سەرچاوەکە دەڵێت، هەردوو کۆمپانیایBYD  و کۆکا کۆلا کێشەی گەورەیان بۆ دروست بووە و هاواریان لێ هەستاوە.

کۆمپانیایBYD  ی چینی بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل، کە لە ماوەی رابردوو بازاڕێکی گەشەسەندووی هەبوو، بە تایبەتی لە عێراقدا، ئێستا کبریتی لە کەنداوەوە بە زەحمەت پێدەگات، کە بۆ دروستکردنی باتری ئۆتۆمبێلەکانی پێویستی پێیەتی، ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی دروست بووە.

هەروەها کۆمپانیای کۆکا کۆلا لە هیند، ئەلەمنیۆمی پێناگات بۆ دروستکردنی (کۆکا کۆلا دایت)، کە لە ناو قوتووی ئەلەمنیۆمدا دەفرۆشرێت.

سەرچاوەکە دەڵێت، وڵاتانی کەنداو 9%ی ئەلەمنیۆمی دینا بەرهەم دەهێنن و ئێستا هەناردەیان زۆر کەم بووە و ناتوانن بەپێی داواکاری کڕیارانیان هەناردەی بکەن.