250 و 500 دیناری کەمبوونەتەوە

لە هەڵەبجە کاسبکار و مشتەریی پارەی وردەیان پێ نەماوە

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

لە ناوبازاڕی هەڵەبجە شاگرد هەیە بە دوو سەعات بۆ وردە دەگەڕێ تا باقی مشتەرییەکانی پێ بداتەوە، ماوەیەکە کەمبوونەوەی 250 و 500 دیناری لەناوبازاڕی شارەکە گرفتی گەورەی بۆ کاسبکار و مشتەرییەکانیان دروست کردووە.

ئەمڕۆ ئەمەل ناجی پەیامنێری 964 گوزەرێکی بەناوبازاڕی شارەکە کرد و شاهیدحاڵی دۆخەکە بوو، یەکێکە کاسبکارەکان پێی دەڵێی بێ وردەی وای لێکردووە لافیتە هەڵبواسێ و داوای چاپکردنی پارەی تازە بکات.

مەروان عوسمان، یەکێکە لەو کەسانەی کە گەورەترین کێشەی لەگەڵ دراوی وردەدا هەیە و بە 964ی وتی، بووەتە پیشەی هەمیشەییم کە بگەڕێم بە بازاڕەکەدا بۆ کۆکردنەوەی دراوی وردە، زۆرجاریش هەر دەست ناکەوێت ناچار بە مشتەری ئەڵێم یان سبەینێ پارەکە بێنە یان شتی زیاتر هەڵگرە تا باقیت نەکەوێتە لای من.

عومەر عەنەبی سەوزەفرۆشێکە لە گوزەری سەوزەفرۆشەکان دەربارەی ئەم گرفتە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، جاری وا هەبووە مشتەری یەک دەسک سەوزەی بردووە و پارەکەی ئەونە دڕاو بووە کە هەر بووەتە زەرەر بۆمان، واشی لێهاتووە خەڵک ئەگەر پارەی وردەشی پێبێت نایدات بە ئێمە هەڵیدەگرێت بۆ پارەی مەکتەبی مناڵەکەی.

ئێمەش ئەگەر پارەکە وەرگرین دەیدەینەوە بە عەلاگە، و لەوێشەوە دەچێتەوە بانک و دەدرێتەوە بە مووچە خۆری داماو، لەم بەینەشدا هەر خەڵک زەرەریەتی، ئەو قسەی عومەر عەنەبییە.

بە گوێرەی سۆراغی 964، چەند مانگێکە ئەم گرفتە سەری هەڵداوە، بەڵام بە وتەی فرۆشیارەکان لە دوای جەژنی رەمەزانەوە گرفتەکە زەق بووەتەوە، زۆرجار فرۆشیارەکان  شەوان بە مارکێت و دووکانی وردەواڵە فرۆشەکاندا دەگەڕێن بۆ ئەوەی دراوی وردە بۆ رۆژ پەیا بکەن.

زاهید نەجمەدین، ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی هەڵەبجە دەربارەی ئەو گرفتەی ناوبازاڕی شارەکە بە 964ی وت، ئاگاداری ئەو حاڵەتەین و بابەتەکەش گشتییە تەنیا تایبەت نییە بە هەڵەبجە، بەڵام چونکە پەیوەندی بە بانکی ناوەندییەوە هەیە و ئێمەش پەیوەندییەکی ئەوتۆمان لەگەڵ بانکەکەدا نییە بۆیە نەمانتوانیوە داوای چارەسەر بکەین.

خودی گرفتەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێستا ئەو دراوانە چاپی نوێیان نییە و بانکیش چاپیان ناکات، ئەو دراوە وردانەش چونکە زۆربەی بەدەست مناڵەوەیە بۆیە بەو شێوەیە کۆن و دڕاو بوون، و بانکی ناوەندیش لە ئێستادا هانی سیستەمی بانکی دەدات و مەیلی بەلای پارەی کاشدا نەماوە، هەر بۆیەش پێدەچێت چاپکردنی ئەو دراوانەی راگرتبێت، زاهید نەجمەدین وای وت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا