لە کۆپتەر دادەبەزن

هێزەکانی مارینز مەشق دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو کەشتییانەی گەمارۆی سەر ئێران دەشکێنن

وریا فەتاح

فەرماندەیی ناوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، هێزەکانی پیادەی دەریایی ئەمریکا (مارینز) سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانی چڕن بۆ ئەوەی بەتەواوی ئامادەبن بۆ چوونە سەر ئەو کەشتییانەی کە سەرپێچیی گەمارۆکەی سەر ئێران دەکەن.

بەپێی بڵاوکراوەیەکی سێنتکۆم کە وێنەی چالاکییەکانیشی تێدا هاوپێچ کراوە، رۆژی 8ـی ئایار، سەربازەکانی مارینز مەشقێکی تایبەتیان ئەنجامداوە کە تێیدا لەڕێگەی هەلیکۆپتەری جۆری (MH-60S Sea Hawk)ـەوە بە گوریس دادەبەزنە سەر سەکۆی فڕینی کەشتی جەنگی (USS Tripoli – LHA 7).

سێنتکۆم ئامانجی سەرەکیی ئەم راهێنانەی ئاشکرا کردووە و دەڵێت: “ئەم مەشقە دڵنیایی دەدات لەوەی کە هێزەکانی مارینز بە تەواوی لە ئامادەباشیدا دەمێننەوە، تاوەکو ئەگەر پێویست بکات و بانگ بکرێن، بتوانن بچنە سەر ئەو کەشتییانەی کە لە کاتی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا دژی ئێران پابەندی ڕێنماییەکان نابن.”

ئەمەش وەک ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی ئەمریکا هێزی تایبەتی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی راستەوخۆ بچنە ناو ئەو کەشتییە بازرگانی یان نەوتهەڵگرانەی کە ئامادە نین گوێڕایەڵی هۆشدارییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا بن و دەیانەوێت بچنە ناو بەندەرەکانی ئێرانەوە.