600 شۆفێری کەرکوک کێشەیان هەیە
حکومەت بە زۆر سیستەمی غازی بۆ بەستن، ئێستاش غازیان پێنادات
کاروان ساڵحی – کەرکوک
“حکومەت بە زۆر ئۆتۆمبێلەکانی پێ کردین بە غاز، ئێستاش دەبێت چارەسەرێکمان بۆ بدۆزنەوە”، ئەمە قسەی ئەو شۆفێرە پاسانەی کەرکوکە کە بەهۆی نەبوونی غاز و داخستنی وێستگەکەیانەوە، لەبەردەم وێستگەی (فەرقان) لە جەبەل بۆر گردبوونەتەوە.
کەرکوک نزیکەی 600 پاس هەن کە بە سیستەمی غازی شل (LPG) کاردەکەن. پێشتر وێستگەی فەرقان تایبەت کرابوو بە پاسەکان، بەڵام لە دوێنێوە وێستگەکە داخراوە و بەشە غازەکەیان گواستراوەتەوە بۆ ناحیەی پردێ، ئەمەش شۆفێرەکانی تووڕە کردووە.
سەمیر تاهیر، یەکێکە لە شۆفێرەکان، بە 964ـی وت: “رۆژانە تەنیا 40 لیتر غازمان پێدەدەن. لە کاتژمێر 6ـی ئێوارەوە نۆرەم گرتووە کەچی غاز نییە. پێمان دەڵێن بڕۆن لە پردێ وەریبگرن، ئاخر ئەو 40 لیترە تەنیا بەشی رۆیشتن و گەڕانەوەکەی پردێ دەکات، ئەی ئێمە چۆن کار بکەین؟”
ئێستا وێستگەکانی باجوان و لەیلان بۆ ئۆتۆمبێلی تەکسی و تایبەت دیاری کراون، بەڵام پاسەکان بێ وێستگە ماونەتەوە. سەرمەد عەلی، شۆفێرێکی دیکەیە و دەڵێت: “پێشتر هەرکاتێک بڕۆیشتینایە غاز هەبوو، بەڵام ئێستا وەک خۆم لە 4ـی ئێوارەوە نۆرەم گرتووە تا 7ـی بەیانی ڕۆژی دواتر ئینجا بەرکەوتووم.”
964 بەدواداچوونی بۆ هۆکاری ئەم کێشەیە کرد، سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک ئاشکرای کرد: “بەشێکی زۆری ئەو غازەی بەرهەم دەهێنرێت رەوانەی بەغدا دەکرێت، ئەوەشی دەمێنێتەوە دەبێت بەشی غازی ماڵان بکات، بۆیە ناچاربووین پەنا بۆ ئەم رێگەچارەیە ببەین.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح