20 ساڵە بەند و گۆرانی دەڵێت

هاتووەتە سلێمانی و بەند بەسەر هاوڵاتیاندا دەڵێت

دیلان محەمەد جەزا- سلێمانی

ماوەی چەند هەفتەیەکە گۆرانیبێژێکی گەنج لە سەهۆڵەکەی سلێمانی سەرنجی خەڵکی راکێشاوە بە وتنەوەی بەند و گۆرانی.

گۆران بانەیی، گۆرانیبێژێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ماوەی 8 مانگە هاتووەتە سلێمانی، ئەم هونەرمەندە زیاتر کاری ئەوەیە بەند و گۆرانی بڵێت و وەک خۆی دەڵێت، بژێوی ژیانی لەسەر ئەم کارەیە.
گۆران بانەیی بە 964ی وت، “خەڵک زۆر حەزیان لە شێوازی گۆرانی وتنەکەم و دەنگمە و زۆرجار ئەوەندە خەڵکم لە چواردەور کۆدەبێتەوە، قەرەباڵغی دروست دەبێت”.
ئەم هونەرمەندە وتیشی، “گۆرانییەکان بەشێکیان هی خۆمە و هەندێک جار کاتێک دەیڵێمەوە دوکاندارەکانی سلێمانی دەرمدەکەن و دەڵێن، ئیزعاجمان دەکەیت”.
ئەوەشی بۆ 964 باسکرد، کە بە نیازە سەردانی شارەکانی دیکەی کوردستان بکات و گۆرانی بۆ خەڵکەکەی بڵێت.