دوو کوڕ و کچێکی لەدوای خۆی بەجێهێشت
ئەو هاوڵاتییەی بەهۆی پێوەدانی هەنگەوە گیانی لەدەستدا مامۆستا بووە
964+
میلاد جەلال – کەلار
مامۆستایەک لە کەلار کە کاری هەنگەوانیشی کردووە، مێشەکانی پێیانەوەدا و گیانی لەدەستدا.
رەزا حەمەساڵح زاوای کۆچکردوو قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “درەنگانی شەوی رابردوو مامۆستا نەجمەدین سابیر دەستیکردووە بە گواستنەوەی هەنگەکانی بۆ بەرلوت، لەکاتی داگرتنی هەنگەکان لە بەرلوت مێشهەنگەکان پێیانەوەداوە و حاڵی تێکچووە”.
“خۆی رەبووی هەبووە و تووشی حاڵەتی تەنگەنەفەسی بووە، کاتێکیش ئەوەی بەسەر هاتووە، یەکسەر حاڵی تێکچووە و پێش ئەوەی بگەیەنرێتە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستداوە”، رەزا حەمەساڵح وای وات.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتریش هەنگ پێوەیداوە و تەنگەنەفەس بووە، بەڵام زۆر بە ئاسانی وەزعەکەی تێپەڕاندووە.
نەجمەدین سابیر خۆی و خێزانی مامۆستا بوون، ماوەی 15 ساڵە هەنگەوانی دەکات و دوو کوڕ و کچێکی لەدوای خۆی بەجێهێشت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری