دوو بینا و پزیشک و دوو ئامبوڵانس

تەندروستی بەردەڕەش کەموموڕییەکانی ئامێر و بینای بۆ چارەسەردەکرێن

فەرهاد حەسەن

وەزیری تەندروستی رەزامەندی لەسەر دابینکردنی هەندێک ئامێر و دروستکردنی بینای جیاواز بۆ تەندروستی قەزای بەردەڕەش دەربڕی و تەندروستی دهۆکی لە بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە ئاگادار کردووەتەوە.

نووسراوەکەی وەزیری تەندروستی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو دەرچووە بەڵام تەندروستی بەردەڕەش ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە و ئەوەی بۆی دابینکردوون بریتین لە دابینکردنی ئامێری تیشکی CT-scan و دوو ئامبوڵانس بۆ نەخۆشخانە فریاکەوتنەکەیان.

هەروەها دروستکردنی نهۆمی دووەم بۆ نەخۆشخانە و  بینای هۆڵی لەدایکبوون، هەمان کات بڕیاریشیداوە، کە پزیشکی تایبەتمەند بۆ کردنەوەی هۆڵی نەشتەرگەری لەناو نەخۆشخانەی فریاکەوتن دابینبکرێت.

لایخۆشییەوە تەندروستی بەردەڕەش بڵاویکردوەتەوە، وەزیری تەندروستی رەزامەندی لەسەر داواکارییەکانیان داوە و بڕیارەکە بۆ جێبەجێکردن ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک کراوە.