مەترسی بۆ سەر هاوڵاتیان دروستکردووە
لە گەڕەکی مەسیحییەکانی دهۆک خانوویەک داڕما
964+
سیداد حەبیب – دهۆک
لە گەڕەکی مەسیحییەکانی دهۆک خانوویەکی کۆن بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە داڕما، رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێکەوتووەوە.
داروپەردووی رووخاوی خانووەکە کەوتووەتە ناو کۆڵانێک و بەربەستی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دروستکردووە، جگە لەوەش بەشێکی خانووەکە ماوە و مەترسی دووبارە داڕمان و کەوتنی بەسەر دانیشتووان و رێبوارانی ئەو گەڕەکە لەسەرە.
سەبارەت بەو بابەتە 964 قسەی لەگەڵ شێروان حەسەن بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانی دهۆک کرد، ئەو دەڵێت، بەزووترین کات تیمەکانیان دەچنە شوێنەکە و پاشماوەکان هەڵدەگرنەوە، بەڵام نایانەوێ خانووە کۆنەکانی ئەو گەڕەکە بڕوخێنن، چونکە بەشێکیان مێژوویی و کەلەپوورین و هەوڵدەدەن وەک هێما و جوانیی شار پارێزگاریان لێ بکەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری