دەرفەتێک بۆ هەماهەنگی دوای جەنگ
سەردانەکەی عێراقچی بۆ روسیا؛ راوێژکردن لەگەڵ “دۆستان” لەبارەی جەنگ و ململانێکان
964+
فەرهاد حەسەن
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سەردانەکەی بۆ روسیا “دەرفەتێکی باشە” بۆ هەماهەنگی لەگەڵ مۆسکۆ سەبارەت بە پێشهاتەکانی قۆناغی داهاتو، ئەوەش لەبەر رۆشنایی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا.
عێراقچی لە چاوپێکەوتنێکی تۆمارکراودا کە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرانی (ئیرنا) بڵاویکردوەتەوە، دەڵیت سەردانەکەی بۆ روسیا بۆ راوێژکردنە لەگەڵ “دۆستانی روسیا” سەبارەت بەوەی لە سەردەمی جەنگدا چی روویداوە و ئێستاش چی رودەدات، بە ئاماژەدان بە رێکخستنەکانی دوای ململانێکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، رێبازی ئەمریکی هۆکاری “دواکەوتنی دانوستانەکان” بووە کە لە ئیسلام ئاباد پلانی بۆ دانرابوو، خولەکانی پێشوی دانوستانەکان سەرەڕای پێشکەوتن، بەهۆی ئەوەی بە “داواکاریی زیادەڕۆیی” لەلایەن واشنتنەوە وەسفی کرد، به ئامانجەکانیان نەگەیشت.
لە بەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، پرسیاری لە روونی ناوەندەکانی بڕیاردان لە ناوخۆی ئێراندا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە “سەرلێشێواوییەکانی ناو رژێم گەیشتن بە رێککەوتنێک قورستر دەکات”.
ئەو لێدوانەی عێراقچی لە کاتێکدایە کە دوێنێ گەیشتە روسیا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیا، ئەوەش لە چوارچێوەی گەشتێکی دیپلۆماسی فرە وڵاتدا لە نێوان هەوڵە وەستاوەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان تاران و واشنتن.
ئەو قەیرانە شایەتی چالاکی سیاسی چڕ و پڕە، لەگەڵ بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و هەڵوەشاندنەوە یان دواخستنی خولەکانی دانوستانە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکان، ئەوەش رەنگدانەوەی سەختی گەیشتن بە رێککەوتنە لە داهاتویەکی نزیکدا.