لە دواى ئاگربەستەوە 44 هێرشى درۆنى کراوەتە سەر هەرێمى کوردستان
964+
وریا فەتاح
بەبێ ئەوەى هەرێمى کوردستان بەشێک بێت لە جەنگەکە، بەڵام لە ماوەى 40 رۆژى جەنگ، 647 هێرشى درۆنى موشەکى کراوەتەسەر، لەدواى ئاگربەستیش کە هەمووان چەکەکانیان بێدەنگ کرد، هێرش بۆسەر هەرێمى کوردستان هەر بەردەوامە و 44 جار هەرێم بۆردومانکراوە.
بەپێى داتاکانى رێکخراوىCPTـى ئەمریکى کە بۆ 964 ئاشکراى کردووە، لەدوای هەڵگیرسانی جەنگ و دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی 2026 تا 8ـى نیسان کە رۆژى ئاگربەستە، هەرێمی کوردستان 647 جار بە درۆن و موشەک بۆردومانکراوە.
رێکخراوەکە ئاشکراى دەکات، لە رۆژى 8ـى نیسانەوە کە ئاگربەست راگەیەندراوە، بەڵام ئێران و گروپە هاوپەیمانەکانى بەردەوامبوون لە هێرش بۆسەر هەرێم و لەو ماوەیەدا تا ئەمڕۆ 44 هێرشى دیکەیان بۆ هەرێم ئەنجامداوە.
بەپێى داتا و ئامارەکانى سى پى تى، لەسەرەتاى شەڕەکەوە تا ئەمڕۆ 691 هێرش بۆسەر هەرێم ئەنجامدراوە:
لە کاتى جەنگ: 28ـى شوبات بۆ 8ـى نیسان، 647 هێرشى درۆنى و موشەکى کراوەتە سەر هەرێم:
لە کاتى ئاگربەست: 8ـى نیسان تا 23ـى نیسان، 44 هێرش کراوەتە سەر هەرێمى کوردستان
کۆى گشتى هێرشەکان: 691 هێرش.
کونسوڵخانە و بارەگا سەربازییەکان: 277 جار هێرشیان کراوەتەسەر
بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگە، شوێنە مەدەنییەکان، کێڵگەی نەوتی و پاڵاوگەکان، کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن و دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی نابەشدار لەو جەنگە: 224 جار بە ئامانجگیراون.
بارەگای حزبە کوردییە: 146 جار بە ئامانجگیراون.
کێ هێرشەکانى ئەنجامداوە؟
31.8%ـى هێرشەکان لەلایەن سوپاى پاسدارانەوە بووە
68.2%ـى هێرشەکان گروپە هاوپەیمانەکانى ئێران ئەنجامیانداون.
42.8%ـى هێرشەکان بۆسەر دامەزراوە دیپلۆماسى و سەربازییەکانى ئەمریکا بوون.
سەبارەت بەو 44 هێرشەى لەدواى ئاگربەست کراوەتە سەر هەرێم، بەپێى زانیارییەکانى (سى پى تى)، 72.7%ـى هێرشەکان لەلایەن گروپە میلیشیا عێراقییەکانى هاوپەیمانى ئێرانەوە بووە و 27.3%ـى هێرشەکان لەلایەن سوپاى پاسدارانەوە بووە.
روونیشکراوەتەوە، لەماوەى ئاگربەستدا، زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر بارەگای حزبە کوردییە بەرهەڵستکارەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان بوون کە (34) هێرش بووە، شەش هێرشیش کراوەتە سەر ناوچە مەدەنییەکان و 4 هێرشیش بۆسەر ناوەندە دیپلۆماسى و سەربازییەکانى ئەمریکا بووە.
ژمارە و رێژەی هێرشەکان بە گوێرەی سنوورى پارێزگاکان:
هەولێر: 542 هێرش – 75.4%
سلێمانی: 122 هێرش – 17.7%
دهۆک: 21 هێرش – 3%
هەڵەبجە: 6 هێرش – 0.9%
هێرشەکان لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، هاژەک، تۆپباران و تەقەکردنەوە ئەنجامدراون. بەشێوەیەک:
(547) هێرش لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە ئەنجامدراون.
(131) هێرش لە رێگەی هاژەکەوە ئەنجامدراون.
(12) هێرش لە رێگەی تۆپبارانەوە ئەنجامدراون.
(1) هێرشیش لە رێگەی تەقەکردنەوە ئەنجامدراوە.
زیانە گیانی و ماددییەکان
لە 28ی شوباتەوە تاوەکو 23ی نیسانی 2026،بەهۆی هێرشەکانەوە، (133) کەس بەرکەوتوون، لەو ژمارەیە 22 کەس شەهید بوون و 101 کەسیش بریندار بوون.
زیانە مادییەکانیش بەشێوەیەکە کە 67 خانوو و 45 ئۆتۆمبێلى هاوڵاتیان زیانیان پێگەشتووە.
تیمی کوردستانی عێراقی CPT پێشوازی لە بڕیاری درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست دەکات. بەڵام لەگەڵ وەستاندنی هێرشی سەربازی لایەنەکانی ئەم جەنگە بۆ سەر یەکتری، داوا دەکات کە پێویستە دەستبەجێ هێرشەکانی ئێران و گروپە هاوپەیوەندەکانیش بۆسەر هەرێمی کوردستان بوەستێندرێن.
جەختیش دەکاتەوە کە حکومەتی عێراق لەسەریەتی کە سەروەری خاکی عێراق بپارێزێت و گروپە هاوپەیوەندەکانی ئێران کە لە عێراقەوە هێرشدەکەنە سەر هەرێمی کوردستان رووبەڕوی لێپێچینەوە و بەرپرسیارییەتی بکات.
روونیشى کردووەتەوە، هەرچی زووە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کاربکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییانی زەرەرمەندی ئەم جەنگە، ئەمەش بەپێی یاسای ژمارە 20ی ساڵی 2009 و یاسای ژمارە 57ی ساڵی 2015ی هەموارکراو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.