هەواڵەکان
دابەشکردنی غاز لە خورماتوو سەرئێشەی زۆرە وزیانلێکەوتووانی تەرزەکەی رانیەش قەرەبوو دەکرێنەوە
ژووری هەواڵ
ئەو کەسەی چەند رۆژێک لەمەوبەر هێرشی کردبووە سەر مزگەوت و تەکیەی شێخ محەمەدی پیرخدری لە گەڕەكی كورانی نوێی هەولێر و تێیدا چەندین قورئان و کتێبی دڕاند و شوێنەکەی شێواند بوو، لە لایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیر کرا.
خۆ گەرووی هورمز لای ئێمە دانەخراوە، تا لێرە غاز نەبێ و ئەو خەڵکە تووشی ئەو هیلاکییە دەکەن، ئەمە قسەی هاوڵاتییەکی خورماتووە بۆ 964 کە بە دوای پەیداکردنی غاز بۆ ماڵەوە ماندووە بووە.
ئەو هاوڵاتییانەی هەڵەبجە و دەورەبەری، کە نەخۆشی گورچیلەیان هەیە و دەبێ زوو گورچیلەیان بۆ بشورێت، ئیتر خەمیان کەم دەبێتەوە، چونکە ئەمڕۆ دوو ئامێری شوشتنەوەی گورچیلە لەلایەن سێ رێکخراوی خێرخوازییەوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە دابینکران، هەروەها دوو ئامێری دیکە، کە لەلایەن تەندروستی هەڵەبجەوە دابینکرابوون، خرانەکار.
ئەو تەرزە و بارانە بەهێزەکەی دوێنێ لە رانیە باری، شتێکی نائاسایی بوو، ئەمەش وایکرد ئاو بچێتە ناو چەند ماڵێکەوە و قایمقامیش دەڵێ، قەرەبوویان دەکەنەوە.
رەسول عومەر هاوڵاتییەکی رانیەیە و ئاو چووەتە ناو ماڵەکەی، بە 964 وت، “دوکانەکەمان تەڕ بوو، بەردمان بە دەرگای حەوشەوە نابوو، ئەگەرنا ئاو دەهاتە ژووری بۆ ناو نوێنەکان، بەڵام ئەوانە هیچ نین، جادەکەمان بۆ چاک بکەن، قەرەبووشمان ناوێ”.