"شەڕی خێزانی بووە"
هەشت منداڵ لە ئەمریکا کوژران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
تەلەڤزیۆنی ئێن بی سی نیوز بە پشتبەستن بە پۆلیسی ناوخۆیی ئێوارەی یەکشەممە بڵاویکردەوە، لە تەقەیەکی بەکۆمەڵدا لە شاری شریڤپۆرت لە ویلایەتی لویزیانا هەشت منداڵ کوژراون.
پۆلیسی شاری شریڤپۆرت لە ویلایەتی لویزیانا رایگەیاند، کە تەقەکردنەکە پەیوەندی بە توندوتیژی خێزانییەوە هەیە.
کریستۆڤەر بۆردیلۆن وتەبێژی پۆلیسی ناوچەکە دەڵێت “ئەمە دیمەنێکی ترسناکە و جیاوازە لە هەموو ئەو دیمەنانەی کە تا ئێستا بینیومانە”.
بۆردیلۆن شوێنی تاوانەکەی بە “بەرفراوان” وەسف کردووە، کە درێژدەبێتەوە بۆ دوو ماڵ لە ناوچەکە و سێیەم ماڵ لە شەقامی هاریسۆنی تەنیشت یەکتر.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا بۆردیلۆن رایگەیاند 10 کەس بە فیشەک دراون و هەشت کەسیان گیانیان لەدەستداوە، تەمەنی قوربانییەکان لە نێوان ساڵێک بۆ 14 ساڵ بووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “کاتێک تەقەکەرەکە شوێنی رووداوەکەی بەجێهێشتووە، ئۆتۆمبێلێکی لە نزیک گۆشەی شەقامی 79ی رۆژئاوا و شەقامی لینوود دزیوە. دەورییەکانی پۆلیسی شریڤپۆرت بەدوای ئۆتۆمبێلەکەدا رۆیشتوون و تا دەستگیری بکەن و دواتر کوشتوویانە و پێیان وایە هەر ئەو کەسە تەقەی کردووە.
پۆلیس هیچ زانیارییەکی لەسەر تۆمەتبارەکە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بۆردیلۆن رایگەیاندووە، هەندێک لەو منداڵانەی لە ماڵەکاندا بوون “نەوەکانی ئەو بوون” لێکۆڵینەوە لە تەقەکردنەکە هێشتا بەردەوامە.