رەوشی ئاو و هەوای هەرێم لە ئاستی سەلامەتدایە
600 هەزار مەتر دووجا زەوی بە کەرتی تایبەت سەوز کراوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لە ماوەی دوو ساڵدا 600 هەزار مەتر دووجا زەوی بە کەرتی تایبەت سەوز کراوە و 450 پڕۆژەش بەهۆی نەبوونی رێنماییەکانی ژینگەوە رەتکراونەتەوە، ئەوانە زانیاریی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمن.
بە پێی زانیارییەکانی دەستەکە، رەوشی ئاو و هەوای هەرێم لە ئاستی سەلامەتدایە، ئەوەش بە پشتبەستن بە توێژینەوەکانی رێکخراوی GIZـی ئەڵمانی، کە لە هەرێمی کوردستان ئەنجامی داون.
عەبدولرەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێم بە ماڵپەڕی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە: لە دوو ساڵی ڕابردوودا، 600 هەزار مەتر دووجا رووبەرى سەوزایی بە کەرتی تایبەت لە شوێنی جیاجیا دروست کراوە.
دەشڵێت، لە چوار ساڵی رابردوودا مۆڵەت بە نزیکەی هەشت هەزار پڕۆژە دراوە و ٤٥٠ پڕۆژەش بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی ژینگە رەتکراونەوە.
دەستەی ژینگە پڕۆژەیەکی بەناوی “وەبەرهێنانی سەوز” راگەیاندووە، واتا هەر پڕۆژەیەک هەبێت دەبێت لە خزمەتی ژینگەدا بێت.
“رووبەری سەوزایی لە کوردستان لە ئاستی جیهانیدا نییە، بەڵام بە شێوەی سەرەکی 12.4% بۆ دارستان هەیە و سەوزایی ناو شارەکانیش 19.5%ـە”، عەبدولڕەحمان سدیق وادەڵێت.