مامۆستایەکی جیاواز لە سلێمانی
وانەی ئینگلیزی بە جلی کوردی و کڵاوو کلێتەوە
964+
دیلان محەمەد-سلێمانی
لە سلێمانی مامۆستایەک هەیە زۆربەی رۆژەکانی بە جلی کوردی و کڵاوو کلێتەوە دەوام دەکات و وانەی ئینگلیزی دەڵێتەوە، دەڵێ ئەمە کەلتووری خۆمانەو حەز دەکەم قوتابییەکان جلی کوردییان خۆش بوێت.
مامۆستا فازڵ چراغ مامۆستای وانەی ئینگلیزییە لە ئامادەیی مەزنی کوڕان، کردوویەتی بە عادەت، دەستێ جلی کوردی جوان لەبەر دەکات و کلێتەیەکی تایبەتی لەسەردایە، بەم جلانەوە رێساکانی زمانی ئینگلیزی فێری قوتابییەکانی دەکات.
مامۆستا فازڵ قسەی بۆ 964 کردو وتی: ”جلی کوردیم زۆرەو هەفتەی وا هەیە هەموو رۆژەکان بەم جلانەوە دێم، قوتابییەکانیش پێیان خۆشە کە ئاوها دەمبینن”.
هەر بەمەوە نەوەستاوە هانی مامۆستا هاوپیشەکانی دەدات کە ئەوانیش جلی کوردی لەبەر بکەن، لەوەش زیاتر دیزاینێکی بۆ جلی قوتابییەکان ئامادە کردووەو کە لە شەرواڵی نیلی و کراسی سپی پێکهاتووە، دەڵێ حەز دەکەم وەزارەتی پەروەردە ئیزن بدەن قوتابییەکانیش بە جلی کوردییەوە دەوام بکەن.