دهۆک یانەی ئەسپسواریی تێدا نییە
964+
هەژین فەتاح
ئەگەرچی لە دهۆک هەوادارێکی زۆری ئەسپسواریی هەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ یانەیەکی تایبەتی ئەسپسواریی بۆ فێربوون یان کاتبەسەربردن نییە لەو شارەدا.
بەو هۆکارە، ئەو کەسانەی شارەزای ئەسپسوارین و باشی لێدەزانن لە دهۆک ناتوانن بەشداری پێشبڕکێ و پاڵەوانێتی تایبەت بە خۆیان بکەن.
هەوادار و شارەزایانی ئەسپسواریی داواکارن لایەنی پەیوەندیدار یانەیەکی تایبەت بۆ ئەو بوارە بکاتەوە لە دهۆک.
دڵشاد ئەحمەد شارەزایەکی ئەسپسوارییە لە دهۆک بە 964ی وت، “ئێمە داوامان ئەوەیە لە پارێزگار کە یانەیەکی تایبەتمان بۆ بکاتەوە، چونکە 30%ی دانیشتووانی دهۆک حەزیان لە فێربوونی ئەسپسوارییە”.
نازو دێرگژنیکی سوارچاکێکی دیکەیە و بۆ 964ی باسکرد، کە چۆن خواردنگە و شوێنی دیکە پێویست هەر ئاواش “یانەی تایبەت بە ئەسپسواریی پێویستن”.
لەوبارەیەوە، مەحمود محەمەد ئەندامی لیژنەی ئۆڵۆمپی لە پارێزگای دهۆک هۆکاری نەکردنەوەی یانەیەکی تایبەت بە ئەسپسواری بۆ دروستبوونی قەیرانی دارایی گەڕاندەوە لە ساڵی 2014، ئەو بە 964ی وت، “یانەیەکی وا دەبێت لە لایەن حکومەتەوە پشتگیری بکرێت”.
ئەسپسواری یەکێکە لەو وەرزشە نێودەوڵەتیانەی کە بە ئەسپ ئەنجامدەدرێت و گرنگترین جۆرەکانی بریتین لە پێشبڕکێی بەرگەگرتن و پێشبڕکێی بەربەست، هەروەها یەکێکە لە وەرزشە کۆنەکان کە مرۆڤ لە مێژەوە پێی ئاشنا بووە.